پرسیار // بۆچی خوای گەورە مار و دووپشکی دروستکردووە و فەرمانی کردووە بە کوشتنیشی ؟
وەلام // زانایان دەلێن یەکێک لە گرینگترین بنچینەکانی ئەھلی سونە ئەوەیە کە باوەڕیان وایە کردەوەکانی خوای گەورە بنیات نراوە لەسەر حیکمەت ، ھیچ کارێکی بێ حیکمەت نییە و نابێت بەھیچ شێوەیەک بێ حیکمەتی و ڕەخنە بدەیتە پاڵ کردەوەکانی خوای گەورە ، پێچەوانەی ئەھلی بیدەع کە دەلێن دەکرێت کردەوەی خوای گەورە بێ حیکمەت بێت ، کە ئەگەر کەسێک کارێک بکات بێ حیکمەت یان مناڵە یان شێتە ، چۆن دەبێت بێ حیکمەتی بدەیتە پاڵ كردەوەکانی خوای گەورە ؟! ، وە مەرج نییە ھەموو حیکمەتەکانی دیار بێت و بیزانیت ، بەلکو ئەوەی گرینگ بێت دەبێت تەسلیم ببیت ئەگەر چی حیکمەتەکەشی نەزانی .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر یەکێک بلێت خوای گەورە فەرمانی کردووە بە کوشتنی مار و دووپشک لەسەر زمانی پێغەمبەرەکەی سوودی دروست کردنی چییە ؟
وەلام بۆ ئەمەیان لە چەند ڕووێکەوەیە :
ڕووی یەکەم // ڕوون کردنەوەی توانای خوای گەورە ، بەجۆرێک ھەندێک دروست کردووە سوود بەخشن و ھەندێکی دروست کردووە زیان بەخشن ، گورگ لاشەی بچووکە بەراورد بە مانگا ، مانگا سوود بەخشە و گورگ زیان بەخشە ، سوود بۆ ئەمە ڕوون کردنەوەی توانای خوای گەورە ئەم دووانەی دروست کردووە پێچەوانەی یەکترن .
ڕووی دووەم // مرۆڤ قەدری نەفسی خۆی بزانێت کە شتێکی کەم و بچووک ئازاری دەدات ، وە ھەندێک جار ئەو شتە کەم و بچووکە بە ھیلاکی دەبات ، ھەتا خۆی بەگەورە دانەنێت و بلێت : من ! کێ منم ! لەبەر ئەوە پێشکە بەسەر مرۆڤدا زاڵ دەبێت لەسەر جێگای نووستن ناتوانێت بخەوێت . .....
سێیەم // خوای گەورە دروستی کردوون بۆ ئەوەی بەندە ڕوو لە خوا بکات و زۆر دوعا و زیکر بکات بۆ ئەوەی پارێزراو بێت لە شەری دروست کراوەکانی خوا ، ھەندێک خەلک ئەگەر لە ترسی ئەو شتانە نەبێت زیکر و دوعاکان ناخوێنن ، کەواتە سوودی گەڕانەوەی مرۆڤە بۆ لای خوای گەورە لە خوێندنەوەی ئەو زیکر و دوعایانە کە سونەتن .
چوارەم // ئەم حەشەرات و ئاژەلانەی کە ئازاری دروست کراوەکان دەدەن ھەندێک دروست کراوی تر بەسەری دا زاڵ دەبن کە ھیچ نیین بەراورد بەو ئازار دەرە . )) فتح ذي الجلال والإكرام ج٢ لاپەڕە ٤١٥ ــ ٤١٦
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ