سەردێری پرسیار:مانای ئەم ئایەتە چییە کە خوای گەورە سەبارەت بە کافرەکان دەفەرمووێت : (( قَالُوا رَبَّنَا أَمَتَّنَا اثْنَتَيْنِ وَأَحْيَيْتَنَا اثْنَتَيْنِ فَاعْتَرَفْنَا بِذُنُوبِنَا فَهَلْ إِلَى خُرُوجٍ مِنْ سَبِيلٍ )) ]غافر:11]. مەبەست بە دوو جار زیندوو کردنەوە و مراندن چییە ؟

بەرواری دانان :2018-10-12 کۆدی پرسیار:581

پرسیار:

پرسیار // مانای ئەم ئایەتە چییە کە خوای گەورە سەبارەت بە کافرەکان دەفەرمووێت : (( قَالُوا رَبَّنَا أَمَتَّنَا اثْنَتَيْنِ وَأَحْيَيْتَنَا اثْنَتَيْنِ فَاعْتَرَفْنَا بِذُنُوبِنَا فَهَلْ إِلَى خُرُوجٍ مِنْ سَبِيلٍ )) ]غافر:11]. مەبەست بە دوو جار زیندوو کردنەوە و مراندن چییە ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // خوای گەورە سەبارەت بە کافرەکان دەفەرمووێت : (( قَالُوا رَبَّنَا أَمَتَّنَا اثْنَتَيْنِ وَأَحْيَيْتَنَا اثْنَتَيْنِ فَاعْتَرَفْنَا بِذُنُوبِنَا فَهَلْ إِلَى خُرُوجٍ مِنْ سَبِيلٍ )) [غافر:11].

واتە : بێ باوەڕەکان دەلێن پەروەردگاری ئێمە ! تۆ دوو جار مراندووتین و وە دوو جاریش ژیانت بە بەردا کردووین ، جا ئێستا دان بە گونەھەکانی خۆمان دا دادەنێین ، ئایا ڕێگایەک ھەیە بۆ دەرچوون لە سزا و جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ دونیا تا بەگوێت بکەین ؟

قرطبی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان بۆ مانای ئەم وتەی خوای گەورە : " رَبَّنَا أَمَتَّنَا اثْنَتَيْنِ وَأَحْيَيْتَنَا اثْنَتَيْنِ "

یەکەم // ابن مسعود و ابن عباس و قتادە و ضحاک دەلێن : مردوو بوون لە پشتی باوکیان ، پاشان زیندوو کران ، پاشان مراندوون بە مردنەی کە لە دونیا دەبێت بمرێت ، پاشان زیندووی کردنەوە بۆ قیامەت ، ئەمە دوو ژیان و مردن ، ئەمە وتەی خوای گەورەیە دەفەرمووێت : " وَكُنْتُمْ أَمْوَاتاً فَأَحْيَاكُمْ ثُمَّ يُمِيتُكُمْ ثُمَّ يُحْيِيكُمْ " [البقرة:28].

دووەم // سدی دەلێت : دەیان مرێنێت لە دونیا و پاشان زیندوویان دەکاتەوە لە ناو گۆڕ ، پاشان دەیان مرێنێت و پاشان زیندوویان دەکاتەوە بۆ ئاخیرەت ، چونکە وشەی مردوو بۆ نطفە بەکار ناھێت .

ھەندێک زانا ئەم ئایەتە دەکەن بەلگە بۆ سزای قەبر ، دەلێن ئەگەر پاداشت و سزا تەنھا بۆ ڕوح بوایا بێجگە لە لاشە ئەوا مانای زیندوو کردنەوە و مراندن چ سوودی ھەیە ؟ ... )) الجامع لأحکام القران ج ١٨ لاپەڕە ٢٣٥ ــ ٢٣٦

ابن کثیر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی ڕاست بێت وتەی ابن مسعود و ابن عباس و ئەوانەیە کە شوێن ئەم دووانە کەوتوون . )) تفسیر القران العظيم ج٧ لاپەڕە ٨٣

خاوەنی فتح البیان دەلێت : (( زۆربەی زانایان بۆ تەفسیری یەکەم چوون ، ابن زید دەلێت : مەبەستی ئایەتەکە ئەوەیە کە دروستی کردوون لە پشتی ئادەم و دەری ھێناون و زیندووی کردوون و بەلێنی لێ وەرگرتن ، پاشان مراندوون ، پاشان زیندووی کردوونەوە لە دونیا و پاشان مراندوون . )) فتح البیان ج ٧ لاپەڕە ٩٨

کەواتە سێ وتە ھەبوو زۆربەی زانایان دەلێن وتەی یەکەم ڕاستە واللە أعلم .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام