پرسیار // ئایەتی ۱٥ لە سورەت مریم سەبارەت یحیی دەفەرمووێت : (( و سلام علیە یوم ولد ویوم یموت و یوم یبعث حیا )) واتە : سەلامی خوای لێ بێت ڕۆژی لە دایک بووە ، وە ڕۆژی دەمرێ ، وە ڕۆژی زیندوو ئەکرێتەوە ، لەم ئایەتە (( یوم ولد )) فعل ماضی : واتە کاری ڕابردووە ، (( و یوم یموت و یوم یبعث حیا )) یموت ، یبعث هەردووکیان ڕانەبردوون ، ئایا ئەمە دەبێتە بەلگە کە یحیی زیندوو بوو کاتێک ئەم ئایەتە دابەزی ؟ ئایا دەبێتە بەلگە کە تا ئێستاش زیندووە ؟
وەلام // زانایان دەلێن لە قورئان دا باسی چیڕۆکێک کرابێت ، نموونە یحیی نقل بوون لە ڕابردوو بۆ ڕانەبردوو نابێتە بەلگە کە ئەوکات یحیی زیندوو بووە و ئەم ئایەتە ئەو کات دابەزیووە ، چونکە لە قورئان دا هەندێک جار باسی بابەت دەکات بە غائب یان ئامادەبوو یان قسەکەر یان هەندێک جار بە کۆ باس دەکرێ یان ڕابردوو یان رانەبردوو یان فەرمان ، ئەمە یەکێکە لە اسلوبەکانی بلاغە پێی دەلێن (( الالتفات )) ، سوودی ئەم اسلوبە ئەوەیە بۆ ئەوەی خوێنەر یان گوێ گر تووشی بێزاری نەبێت ، چونکە نەفسی مرۆڤ حەزی لە نقل بوون دەکات لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی تر .
هەروەها باسی یحیی لە دوای رابردوو باسی داهاتووی کردووە ، دەلێین خەبەر ئەگەر بە داهاتوو باس بکرێ کە چی چیڕۆکەکە ڕوویداوە بەهێز ترە لەوەی کە لە جیاتی داهاتوو ڕابردوو بەکار بهێنرێت ، چونکە کاری ڕانەبردوو یان داهاتوو باسی ئەو حالە دەکات کە تێیدایە ، وە سەرەنجی مرۆڤ ڕادەکێشیت بۆ گوێ گرتن و خوێندنەوەی ، هەروەک ئەوە وایە مرۆڤ لە ناویدایە و دەیبینێت ، بەلام کاری ڕابردوو وەک داهاتوو نییە .
کەواتە لە زمانی عەرەبی دا شتی رابردوو هەندێک جار بە رانەبردوو واتە بۆ ئێستا و داهاتوو دەردەبڕێت بۆ ئەوەی شێوە و وێنەی ڕوداوەکە هەنگاو بە هەنگاو بۆت باس بکات ، نموونە سەبارەت بەم ئایەتە (( ٳنا سخرنا الجبال معە یسبحن بالعشی والاشرق )) ئایەتەکە دەلێت : یسبحن بە ڕانەبردوو ، ڕستەکە بەرابردوو دەبوایا بگوترابا مسبحات ، چونکە تەسبیحاتەکە ڕوویداوە لە سەردەمی داود علیە السلام ، بەلام لەبەر ئەوەی تەسبیحاتی چیاکان شتێکی سەیرە ، وە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە تەسبیحاتی چیاکان هەنگاو بە هەنگاو بووە ، هەروەک ئەوە وایە گوێگر ئامادە بووە و دەیبینێت.
سەبارەت بە مردنی یحیی علیە السلام هیچ بەلگە نەهاتوون کە زیندوو بێت وەک عیسی علیە السلام لە ئاسمان بێت ، بەلکو هەندێک زانا دەلێن شەهید کراوە ، چونکە ئایەتەکە دەلێت : (( و یوم یبعث حیا )) وشەی حی بەکارهاتووە ، وە لە سورەت ال عمران باسی شەهید دەکات : (( بل ٲحیاء عند ربهم یرزقون )) .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ