پرسیار // خوای گەورە دەفەرمووێت : (﴿ وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ ﴾) [ الذاريات : ٥٦ ] . واتە : ئێمە جن و مرۆڤمان دروست نەکردووە تەنھا بۆ پەرستنی خوای گەورە نەبێت . بۆچی لەم ئایەتە یەکەم جار باسی جنی کردووە پاشان مرۆڤ حیکمەت لە پێش خستنی جن چییە ؟
وەلام // زانایان دوو وتەیان ھەیە :
(١) ڕازی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئێمە دەلێین : عیبادەت دوو جۆرە نھێنی و ئاشکرا ، عیبادەتی نھێنی فەزل و چاکەی زیاترە بەسەر عیبادەتی ئاشکرا ، عیبادەتی جن نھینییە و ڕیایی گەورەی تێدا نییە ، بەلام عیبادەتی مرۆڤ ڕیا داخلی دەبێت ، ... )) التفسیر الکبیر .
بەلام ئەمە لە جێگای خۆی نییە ڕاستە ئێمە جن نابینین بەلام مانای وا نییە کە ئەوان تووشی ڕیاء نابن ، زۆر ئاساییە ئەوانیش وەک مرۆڤ عیبادەتی نھێنی و ئاشکرایان ھەیە و تووشی ریاء دەبن وەک مرۆڤ .
(٢) شەوکانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھۆی پێش خستنی جن بە پێش مرۆڤ لەبەر پێش کەوتنی بوونیانە واتە یەکەم جار خوای گەورە جنی دروست کردووە و جنوکە پێش مرۆڤ بوونیان ھەبووە . )) فتح القدیر ج٥ لاپەڕە ٩٢
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ