سەردێری پرسیار: ئایا دروستە کەسێک لە کۆمپانیایەک کار دەکات پێی بلێم وەرە لای من کار بکە من مووچەیەکی باشترت پێ دەدەم ؟

بەرواری دانان :2018-10-12 کۆدی پرسیار:603

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە کەسێک لە کۆمپانیایەک کار دەکات پێی بلێم وەرە لای من کار بکە من مووچەیەکی باشترت پێ دەدەم ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن حەڕامە موسلمان کڕین و فرۆشتن بکات بەسەر برای موسلمان ، وە بەکرێ دان و بەکرێ گرتنیش بەسەر برای موسلمان ھەمان حوکمی ھەیە ، چونکو بەکرێ دان و بەکرێ گرتن جۆرێکە لە کڕین و فرۆشتن .

عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ عُمَرَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ : (( لَا يَبِيعُ بَعْضُكُمْ عَلَى بَيْعِ أَخِيهِ )) رواە البخاري (2139) ومسلم (1412) .

واتە : با کەس لە ئێوە کڕین و فرۆشتن بەسەر کڕین و فرۆشتنی برای خۆی نەکات .

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی وەک کڕین و فرۆشتن بێت بە پلەی یەکەم : بەکرێ دان بەسەر بەکرێ دانی برای ، .... )) "الفتاوى الكبرى" (6/313).

داوا کردن لەو کەسەی لە کۆمپانیا کار دەکات ئەم چوار حالەتانەن :

حالەتی یەکەم // داوا لەو کەسە دەکات کە ھێشتا عەقدی لەگەڵ کۆمپانیاکە ماوە ، بەلام پێی دەلێت بۆ ئەوەی عەقدەکە ھەلبوەشێنێت و وازیان لێ بھێنێت و بێتە لایان و لەگەڵ ئەوان کار بکات ، ئەمەیان حەڕامە .

حالەتی دووەم // داوا لەو کەسە دەکات کە ھێشتا عەقدی لەگەڵ کۆمپانیاکە ماوە ، بەلام کەسەکە حەزی لەو شوێنە نییە و حەز دەکات بە جێی بھێلێ و لە کاری تر دەگەڕێت بۆ ئەوەی کە عەقد تەواو بوو واز بھێنێت و بچێت بۆ شوێنی تر ، یان کۆمپانیا عەقدی کار کردن لەگەڵیان نوێ ناکاتەوە ، لەم حالەتە دروستە پێی بلێت وەرە لای ئێمە کار بکە .

حالەتی سێیەم // داوا لەو کەسە دەکات دوای تەواو بوونی عەقد ، بەلام ھەردوو لا عەقدی کارکردن نوێ دەکەنەوە ، لەم حالەتە حەڕامە داوای لێ بکەیت .

حالەتی چوارەم // عەقدیان تەواو بووە ، وە ھیچ ڕێکەوتن نییە لەنێوانیان بۆ نوێ کردنەوەی عەقد ، لەم حالەتە دروستە داوای لێ بکەیت بێتە لات کار بکات .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام