سەردێری پرسیار:حوکمی گۆڕینەوەی گۆشت بە ئاژەل ؟

بەرواری دانان :2018-10-14 کۆدی پرسیار:625

پرسیار:

پرسیار // ئایا گۆڕینەوەی گۆشت بە ئاژەڵ دەبێتە ڕیبا ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بە گۆڕینەوەی گۆشت بە ئاژەڵ ، چوار وتە ھەیە :

یەکەم // ھەندێک زانا دەلێن ئەو گۆشتە لە جنسی ئاژەڵەکە بێت ، وەک : گۆڕینەوەی گۆشتی مەڕ لەگەڵ مەڕێکی زیندوو ئەمەیان نابێت ، چونکە دەکەوێتە ژێر غەرەر و قومار ، وە نازانیت ئایا ئەو گۆشتەی لەناو ئاژەلەکەدایە زیاترە یان کەمترە .

سعیدی کوڕی موسەیەب دەلێت : (( پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت نەھی کردووە لە کڕین و فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵ بە ئاژەڵ )) أخرجە مالك (٢|٦٥٥) .

بەلام ئەگەر گۆشت و ئاژەلەکە جیاواز بوون ئەمەیان دروستە بگۆڕیتەوە بە زیادە و بە کەمی ، چونکە جنسەکان لێک جیاوازن ، وەک : گۆڕینەوەی گۆشتی وشتر بە مەڕ .

دووەم // ھەندێک زانا دەلێن دروستە گۆشت بە ئاژەڵ بگۆڕیتەوە بە ھەموو شێوەیەک ، جا چ لە جنسی خۆی بێت یان جیاواز بێت ، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و ھاوەلانی یە .

سێیەم // ھەندێک زانا دەلێن گۆڕینەوەی گۆشت بە ئاژەڵ بە ھیچ شێوەیەک دروست نییە ، کە ئەمە وتەی شافعی یە ، بەلگە :

ابن عباس خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت : (( وشترێک لەسەردەمی ئەبو بکر سەر بڕدرا و دابەش کرا بۆ دە بەش ، پیاوێک وتی : بەشێکی ئەم وشترە پێم بدەن من مەڕێکتان پێ دەدەم ، ئەبوبکر فەرمووی : ئەم کارە نابێت . )) أخرجە الشافعی و البیھقی .

ئیمام شافعی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( نەم زانیووە کەس لە ھاوەڵان پێچەوانەی ئەبوبکریان کردبێت . ))

وتەی چوارەم // ھەندێک زانا دەلێن ئەگەر مەبەست بەم گۆڕینەوەیە لەگەڵ ئاژەڵ گۆشت بێت ئەمەیان نابێت ، چونکە گۆڕینەوەی گۆشتە لەگەڵ گۆشت و وە یەکسان نین ، ئەگەر مەبەست بە ئاژەڵ سوود لێ وەرگرتنی بێت بۆ لێ سوار بوون یان بە کرێ دان یان بۆ کشتوکاڵ یان ھەر کارێکی تر بێت ئەمەیان دروستە ، وە بەم شێوە ئەگەر لە جنسی تریش بێت ، کە ئەمە وتەی ابن قیم و ابن تیمییە .

وتەی ڕاست وتەی چوارەمە ، ئەوەی لە سعیدی کوڕی موسەیەب نقل کراوە مرسلە و وە ئەوەی لە ئەبوبکر نقل کراوە لە سەنەد لاوازە .

بەڵام گۆڕینەوەی گۆشت بە گۆشت ئەگەر یەک جنس بێت ئەمەیان نابێت ئیلا دەبێت یەکسان بێت ، وەک : گۆڕینەوەی یەک کیلۆ گۆشتی مانگا لەگەل دوو کیلۆ گۆشتی مانگای تر ئەمەیان نابێت بۆ ئەوەی داخلی ڕیبای زیادە نەبیت ، بەلام ئەگەر گۆشتەکان لێک جیاواز بوون ئەوە دروستە بە زیادەوە ، وەک : گۆڕینەوەی یەک کیلۆ گۆشتی مانگا بە دوو کیلۆ گۆشتی مەڕ ، ئەمەیان دروستە چونکە جنسەکان لێک جیاوازن .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام