سەردێری پرسیار:حوکمی کڕینی شتی تێکچوو ؟

بەرواری دانان :2018-10-15 کۆدی پرسیار:633

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە شتێکی ئەلکترۆنی تێک چوو بکڕیت ، وە بە پارەیێکی کەم تێک چوونەکەی چاک دەکرێتەوە ، بەلام بە کەسی فرۆشیار نەلێی چاک دەبێتەوە ، وە دواتر بۆ خۆت بفرۆشیت و قازانجی لێ بکەیت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // سەرەتا زانایان دەلێن واجبە لەسەر کڕیار و فرۆشیار ڕاستگۆ بن لە گەل یەکتری ، چونکە ڕاست گۆی هۆکاری بەدەست هێنانی بەرەکەتە ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( البیعان بالخیار ما لم یتفرقا فٳن صدق وبینا بورك لهما فی بیعهما وٳن كذب وكتما محقت بركة بیعهما )) رواە البخاری ، مسلم ، واتە : کڕیار و فڕۆشیار بە ئارەزووی خۆیان بۆ پەشیمان بوونەوە لە کڕین و فرۆشتن هەتا لە یەکتر جیا نەبووینەوە ، ئەگەر ڕاست بوون لە گەل یەکتر ، وە عەیبیان بۆ یەکتر ئاشکرا کرد خوای گەورە بەرەکەت دەخاتە کڕین و فرۆشتنیان ، بەلام ئەگەر درۆیان کرد و عەیبیان شاردەوە بەرەکەت نامێنێت .

سەبارەت بە شتێکی تێک چوو بەلێ دروستە بیکڕیت که کڕیاڕ بزانێت تێک چووە و فێلی لێ نەکراوە ، بەلام سەبارەت بە فرۆشیار نازانێت چاک دەبێتەوە ، دەلێین :

(۱) ئەگەر کڕیار بزانێت چاک دەبێتەوە ، وە دەزانێت فرۆشیار نازانێت کە چاک دەبێتەوە ، زانایان دەلێن نابێت چونکە ئەمە فێل کردنە لە فرۆشیار .

لەوانەیە یەکێک بلێت ئەی بۆچی فرۆشیار تاوانبار نابێت چونکە فرۆشیار وادەزانێت فلانە شت تێک چووە و چاک نابێتەوە چۆن دەبێت شتێک بفرۆشیت بە کەسێک چاک نەبێتەوەو هیچ سوودی لێ نەبینێت ؟

دەلێین زۆر شت هەیە تێک چووە و خودی شتەکە چاک نابێتەوە ، بەلام کڕیار دەکڕێت بۆ ئەوەی موادی ئامێرەکە بەکاربهێنێت یان سوودی لێ وەربگرێت بۆ شتێکی تر .

(۲) ئەگەر کڕیار بزانێت چاک دەبێتەوە وە نازانێت فرۆشیار نازانێت چاک دەبێتەوە ، زانایان دەلێن دروستە .

زانایان دەلێن ئەگەر فرۆشیار مەرج دابنێت لە فرۆشتن بلێت پەشیمان بوونەوە نەما و کۆتای هات وە کەل و پەلەکەش عەیبدار بوو ، دەلێن :

(۱) ئەگەر فرۆشیار بزانێت کە عەیبدارە و وە کڕیار نازانێت ، ئەمەیان حەڕامە و ، وە کڕیار بۆی هەیە کەل و پەلە بۆ فرۆشیار بگەرێنێتەوە .

(۲) ئەگەر فرۆشیار نەزانێت کە عەیبدارە وە کڕیاریش نازانێت ، ئەمەیان دروستە و وە کڕیار بۆی نییە کەل و پەلەکە بۆ فرۆشیار بگەرێنێتەوە .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام