پرسیار // ئایا دروستە وێنە ھەلواسی بە دیوارەوە ؟
وەلام // زانایان دەلێن ھەلواسینی وێنە بە دیوارەوە ئەم سێ حالەتانەن :
حالەتی یەکەم / ھەلواسینی وێنەی سروشتی کە ڕوحیان نییە ، وەک چیا و ڕووبار و دار و خانوو و شتی تری وەک ئەمانە ، ئەمەیان دروستە ھەلبواسی بە دیوارەوە .
حالەتی دووەم / ھەلواسینی وێنەی مرۆڤ جا چ ژن بێت یان پیاو وە چ مردوو بێت خاوەنی وێنەکە یان زیندوو بێت بۆ یادگاری ئەمەیان دروست نییە و حەڕامە .
حالەتی سێیەم / ھەلواسینی وێنە و وێنەی پەیکەر و گۆڕی پیاو چاک کە خەلک تووشی شیرک بوونە پێی یان بۆ بەگەورە دانان ، ئەمەیان حەڕامە .
عَنْ أَبِي طَلْحَةَ الْأَنْصَارِيِّ قَالَ : سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَقُولُ: (لَا تَدْخُلُ الْمَلَائِكَةُ بَيْتًا فِيهِ كَلْبٌ وَلَا تَمَاثِيلُ) رواە مسلم (2106) ، واتە : فریشتە ڕەحمەت ناچنە مالێک سەگ و پەیکەری تێدا بێت .
فعَنْ أَبِي الْهَيَّاجِ الْأَسَدِيِّ قَالَ : " قَالَ لِي عَلِيُّ بْنُ أَبِي طَالِبٍ : أَلَا أَبْعَثُكَ عَلَى مَا بَعَثَنِي عَلَيْهِ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ؟ أَنْ لَا تَدَعَ تِمْثَالًا إِلَّا طَمَسْتَهُ ، وَلَا قَبْرًا مُشْرِفًا إِلَّا سَوَّيْتَهُ " أخرجه مسلم (969) .
واتە : ئەبوھەیاج گوتی : ئیمام عەلی پێمی گوت : بزانە ڕەوانەت دەکەم بۆ کارێکی گرنگ ، کە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت بۆ ھەمان کار منی ڕەوانە کردووە ، ئەویش ئەمەیە کە نابێت لێ بگەڕێیت ھیچ وێنەیەک بمێنێت ئیلا دەبێت بیسڕیتەوە یان تێکی بدەیت ، وە ھیچ قەبرێکی بەرزیش نەمێنێت ئیلا دەبێت تەختی بکەیت .
عبداللە الحمید ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( طمس بۆ شتێک بەکاردێت کە لاشەی نەبێت چونکە ئەگەر لاشە بوایا دەیوت : لکسرتھا ، واتە : بیشکێنیت "بەلگەیە کە باسی وێنەیە نەک پەیکەر " ))
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەم فەرموودەیە بەلگەیە کە فەرمان کراوە بە گۆڕینی وێنەی خاوەن ڕوح . )) "شرح مسلم" (7/ 36).
ھەروەھا دەفەرمووێت : (( ھەموو زانایان یەک دەنگن لە ڕێگری کردنی ئەگەر سێبەری ھەبێت ، وە واجبە بگۆڕدرێت ، قاضی دەفەرمووێت : ئیلا ئەوە ھاتووە یاری کردن بە بووکۆکی مناڵان بۆ کچان ڕوخسەت دراوە بۆ ئەمە . )) "شرح مسلم" (14/82).
ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیار لێکرا : حوکمی وێنە گرتنی زاوا بۆ یادگاری بۆ ئەوەی نزیکەکانی ئافرەت و ھاوڕێکانی ببینن ئەوانەی ئامادە نەبوون ؟ بۆ زانیاری ئەو وێنەیە تەنھا ھی زاوایە نەک ھی بووک بێت ؟
وەلام / من وای دەبینم کە ئەم وێنەیە حەڕامە نابێت ، ئەوەی خراپتر بێت لە وێنە گرتن ئەوەیە کە بووک و زاوا سەرتای بەیەک گەیشتن وێنە دەگرن بە تایبەتی ئەگەر ڤیدیۆ بێت ، چونکە ڤیدیۆ وێنەی زیندوو پیشان دەدات ، واجبە لەسەر ئێمە تەقوای خوا بکەین ، خوای گەورە دەفەرمووێت : " وَمَنْ يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَلْ لَهُ مَخْرَجاً * وَيَرْزُقْهُ مِنْ حَيْثُ لا يَحْتَسِبُ * وَمَنْ يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَلْ لَهُ مِنْ أَمْرِهِ يُسْراً " [الطلاق:2 - 4] بۆ ئەوەی ڕامان نەکێشێت بۆ شوێن کەوتنی ھەواو خۆ ھەلکێشان بۆ تووش بوون بە شەڕ و فەساد . )) " انتهى من اللقاء الشهري (47/ 11).
زانایان دەلێن بەھیچ شێوەیەک نابێت ئافرەت وێنەی خۆی بلاوبکاتەوە یان پیشانی پیاوی بێگانە بدات ، بەلام بەداخەوە پیاو ژن مارە دەکات بە دەستی خۆی وێنەی خێزانی خۆی پیشانی خەلک دەدات و پێی دەلێت چۆنە ؟! جوانە ؟! یان بە دیوارەوە ھەلدەواسی ئەوەی دێتە مالیان دەیبینێت خەلکیش تووشی نەزەر دەکات ، وە ھەر خواش دەزانێت ئەوانەی وێنەی خێزانی دەبینن بە دیوارەوە چەند لەو کەسانەن کە دڵیان بە دوای خێزانیدا چووە ؟! مرۆڤ زۆر جار زۆر شت دەکات لای ئاسانە و دڵی سافە بەلام لە کۆتای تێدەگات ، چەندین پیاو تووشی فاحیشە بووینە لەگەڵ ئافرەتی خێزاندار بەھۆی بینینی لە وێنەوە ؟! ئەوەی سەیر بێت کوڕ و کچی بێگانە پێکەوە بە تەنیا وێنە دەگرن ، دڵت بەوە خۆش بێت ئەمە ببێتە خێزانت ! یان کوڕ داوا لە کچ دەکات وێنەی تۆم دەوێت بە ئارەزووی خۆی وێنەی کچ دەگرێت !
ڕاستە وێنە گرتن بەھۆی کامێراوە جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان حەڕامە یان نە ، بەلام دەبێت ئەوەش بزانرێت ئەگەر حەڕامیش نەبێت سنور دانراوە نابێت زیادەڕەوی بکەیت ، ئەوەی سەیر بێت پیاو ھەیە دەتوانی بلێیت نەخۆشی نەفسی ھەیە لەگەڵ وێنە ، قوتابی کۆلێژ لە قادرمە دێتە خوارەوە لە ھەر پایەیێک وێنەیەک دەگرێت یان لە ھەر سەفرەیەک سێ سەد یان چوار سەد وێنە دەگرێت ، لە لایێکی ترەوە ئافرەت ڕۆژانە پیشەیتی چەندین وێنە دەگرێت و چەندین گوێی درێژ بۆ خۆی دروست دەکات یان چەند گۆڕانکاری ناشیرین بەسەری دا دەھێنێت و شانازیش دەکات ، ئەوەی سەیر بێت ئەوەیە مرۆڤ وای لێ ھات حەز بکات وێنەی خۆی وەک ئاژەڵ لێ بکات ؟!
ڕاستە لەڕووی شەرعەوە ڕوخسەت زیاتر دراوە بە ئافرەت خۆی بڕازێنێتەوە و گرینگی بە خۆی بدات بۆ جوانکاری وەک لە پیاو ، بەلام لەگەڵ ئەوەش سنور دانراوە بۆ ئافرەتیش کە نابێت زیادەڕەوی بکات ، وەک : کچی حیجاب پێش ئەوەی بچێت بۆ کۆلێژ سێ چارەک یان یەک کاتژمێر خەریکی خۆ ڕازاندنەوەیە وەک کچی سفور کە ئەسلی ئەم خۆ ڕازاندنەوەیە حەڕامە چونکە بۆ کەسی بێگانەیە ، بە داخەوە چەندین گەنج ھەن پیاوەتیان لە دەست داوە وەک ئافرەتانن لەم بابەتە .
مرۆڤ دەبێت خاوەن کەسایەتییەکی بەرز بێت و خۆی سووک نەکات بەتایبەتی ئافرەت ، چونکە پیاو و ئافرەت زۆر جیاوازیان ھەیە بە تایبەتی بۆ وێنە گرتن ، ھەورەھا خۆی بپارێزێت لە وێنە گرتن لەگەڵ پیاوی بێگانە چونکە چەندین کێشە لەم سەردەمە دروست بووینە بە ھۆی وێنەوەی ئافرەتەوە لەگەڵ پیاوی بێگانە .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ