پرسیار // ئایا دروستە کچی باڵاپۆش بەرامبەر ئافرەتانێک داپۆشراو نەبێ کە دەزانێت باسی جوانییەکانی ئەو دەگێڕنەوە بۆ هاوسەر یان براکانیان ؟
وەڵام // زانایان دەلێن عەورەتی ئافرەت بۆ ئافرەت وەک عەورەتی پیاوە بۆ پیاو لە نێوان ناوک بۆ چۆکە .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( عەورەتی ئافرەت لای ئافرەت لە نێوان ناوک بۆ چۆکە ، چونکە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت نەھی لەو شوێنەی کردووە کە سەیری بکەی ، لە صحیحی مسلم ھاتووە فەرموودەی أبی سعید الخدری خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( پیاو با سەیری عەورەتی پیاو نەکات ، وە ئافرەتیش با سەیری عەورەتی ئافرەت نەکات . )) بەلام دەبێت ئێمە ئەوە بزانین نەزەر شتێکە و جل و بەرگ و خۆ داپۆشین شتێکی ترە ، سەبارەت بە نەزەر حوکمەکەی دیارە ھەر وەک لەم فەرموودەیە باس کراوە .
سەبارەت بە جل و بەرگ دروست نییە بۆ ئافرەت جل و بەرگێک لەبەر بکات تەنھا نیوان ناوک و چۆکی داپۆشراو بێت ، گومان نابەم کەس ڕێگە بدات بە ئافرەت بچێتە لای ئافرەتانی تر سینگی و زگی و سەرووی ناوکی و خوار چۆکەکانی دیار بێت ، .....
لەسەر ئەمە سوودی فەرموودە ئەگەر ئافرەت لە مالەوە کار بکات یان شیر بە مناڵەکەی بدات و ثدی دیار بێت ، یان ھەندێک لە بازووی یان سەرووی بازووی یان سینگ سەرەوەی ئەمەیان ھیچی تێدا نییە ، .... )) مجموع فتاوى ورسائل الشيخ محمد صالح العثيمين - المجلد الثاني عشر - باب ستر العورة.
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( عەورەتی ئافرەت بۆ ئافرەت لەنێوان ناوک بۆ چۆکە وەک عەورەتی پیاو بۆ پیاو ، بەلام لەگەڵ ئەمەش نابێت کەمتەرخەم بێت لە لاشە داپۆشینی ، دەبێت سوور بێت لەسەر داپۆشینی لاشەی لە لای ئافرەتان و بێجگە لە ئافرەتان ئەوانەی لە ماڵەوەن ، دەبێت خۆیان داپۆشن بۆ ئەوەی ئاسانکاری ڕوونەدات لەم بابەتە ، دەبێت ئافرەت خۆی داپۆشێت و سینگی داپۆشێت و خوار چۆکی داپۆشێت بۆ ئەوەی کەسانێک نەیبین کە بە خەیالی داناھێت یان لە ناکاو کەسێک بێتە ژوورەوە ، لەوانە خزمەتکار و شوفێر و ھاوسەری خوشک و برای ھاوسەر و کەسانی تری ھاوشێوەی ئەمانە ، دەبێت داپۆشراو بێت ھەتا ئەگەر ئەوانە دێنە ژوورەوە بێ ئیزن ئەگەر ئاگای لێ نەبێتیش ھەر داپۆشراوە ، ..... ))
لە الموسوعە الفقھیە باس کراوە دەلێت : (( زانایان دەلێن عەورەتی ئافرەت بۆ ئافرەت وەک عەورەتی پیاو بۆ پیاو ، واتە لە نێوان ناوک و چۆک ، لەبەر ئەوە دروستە ئافرەت سەیری ھەموو لاشەی ئافرەت بکات بێجگە لە نێوان ناوک و چۆک نەبێت ، لەبەر ئەوە ھەردووکیان یەک جنسن و شەھوەتیان بەزۆری نییە بەرامبەر یەکتر ، بەلام ئەمە حەڕام دەبێت بە شەھوەت و لەگەڵ بوونی فیتنە . )) الموسوعة الفقهية .
زانایان دەلێن عەورەتی ئافرەت بۆ ئافرەت لە نێوان ناوک و چۆکە ئەمەیان ئەگەر ھەردوو ئافرەتەکان موسلمان بوون ، بەلام ئافرەتی موسلمان بەرامبەر ئافرەتی کافر دەبێت ھەموو لاشەی داپۆشێ تەنھا رووخسار و دەست نەبێت ، لەبەر ئەوە نییە کە بەرامبەر ئافرەتی کافر ھەموو لاشەی عەورەتە بەلکو لەبەر ئەوەیە چونکە ئافرەتی کافر وەسفی لاشەی ئافرەتی موسلمان دەکات بۆ پیاوانی خۆیان یان پیاوانی تری کافر .
زانایان دەلێن ئافرەتی موسلمانی خراپیش وەک ئافرەتی کافر حسابی بۆی دەکەیت بۆ داپۆشینی لاشە ، واتە دەبێت ھەموو لاشەی خۆت بەرامبەری دابپۆشی چونکە وەسفی لاشەی ئافرەتی ئیماندار دەکات لای پیاوان .
عز بن عبدالسلام ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئافرەتی خراپی موسلمان لەگەڵ ئافرەتی باش و داوێن پاکی موسلمان وەک ئافرەتی موسلمان و کافر وایە بۆ داپۆشینی لاشە بەرامبەر یەکتر . ))
دروست نییە کچی باڵاپۆش لاشەی خۆی بۆ ئافرەتانێک دەربخات ئەگەر بزانێت بۆ ھاوسەری یان برای یان پیاوانی تر دەگێڕێتەوە یان وەسفی لاشەی بۆی دەکات .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ