سەردێری پرسیار:ئامۆژگاری بۆ ئەو ئافرەتانەی حیجاب ناکەن ؟

بەرواری دانان :2018-10-16 کۆدی پرسیار:645

پرسیار:

پرسیار // ئامۆژگایتان چییە بۆ ئەو ئافرەتانەی کە حیجاب ناکەن ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن حیجاب یەکێکە لە گرینگترین شیعاری ئیسلام کە ئافرەت موسلمانی پێی بناسرێتەوە و جیا بکرێتەوە لە ئافرەتانی تر .

ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین زۆر لە ئافرەتان حیجابیان لا شتێکی ئاساییە و تەنھا بۆ نوێژ حیجاب لەبەر دەکەن ، وە نییەتیشیان پاکە و ڕۆژووی سونەت دەگرن و شەو نوێژیش دەکەن و ڕۆژانە قورئان دەخوێننەوە و بەلکو قورئانیش لەبەر دەکەن و گوێ لە وتاری ئایینیش دەگرن .

زانایان دەلێن ئیسلام واتە تەسیلم بوون بۆ خوای گەورە لە دڵ و ڕووکەش دا ، ڕاستە مەرج دڵە بەلام ئەگەر دڵ پاک بێت و ڕاست بێت ڕووکەشیش پاک دەبێت و ڕاست دەبێت و تەسلیم دەبێت بۆ حیجاب ، وە زانایان دەلێن :

تەقوا : بریتییە لە کردنی ئەو شتانەی خواو پێغەمبەر فەرمانی پێکردوون وە خۆپاراستن لەو شتانەی کە خوا و پێغەمبەر نەھی لێی کردوون ، وە تەقوا دوو جۆرە :

یەکەم / تەقوای واجب : بریتییە لە کردنی واجبەکان و خۆپاراستن لە حەڕامە کراوەکان .

دووەم / تەقوای سونەت : بریتییە لە کردنی سونەتەکان و خۆپاراستن لە مکروھەکان .

ئەی خۆشکی بەڕێز تەقوای واجب ئەگەر نەت بێت لەسەری سزا دەدرێی ، وە لە ھەر کەسێکی خاوەن ژیر بپرسی ئەو کردەوە دەکات کە پاداشتی زیاترە و ڕزگاری دەکات لە سزا ، تەقوای سونەت بۆ چییە ئەگەر سزا درای لەسەر نەکردنی تەقوای واجب کە حیجابە ؟! ئەو قورئان خوێندنە بۆ چییە ئەگەر کردەوەی پێی نەکەیت کە قورئان فەرمانی کردووە بە حیجاب ؟! قورئان یان دەبێتە بەلگە بۆت یان دەبێتە بەلگە لەسەرت ، گوێڕایەلی خوای خۆت بکە پێش ئەوەی ڕۆژێک بێت پەشیمان ببیتەوە و بلێی خۆزگە لە دونیا حیجابم کردبا .

زۆر ئافرەت ھەن حەز دەکەن حیجاب بکەن بەلام دەورووبەری زۆرینەی ئافرەتی حیجاب نین و شەرم لە خەلک و دەوروبەری دەکەن و لە لۆمەی لۆمە کاران دەترسن ، شەرم لە خەلک مەکە بەلکو شەرم لە خوای خۆت بکە کە سەرپێچی خوای خۆت دەکەیت کە حیجاب ناکەیت .

ئافرەتێکی کافری ڕووسی موسلمان دەبێ و لەناو ولاتی کافرەکان موسلمان دەبێت و دوای خۆی دەکاتە نیقاب و چەندین نەخۆشی و ئازاری دەچێژێت لە بەر دایک و باوکی و خزم و کەس و کاری ، ئافرەتێکی ڕاست بووە ھەموو شتێکی کردووە لە ڕێگای خوای گەورە ھەتا مال و دایک و باوک و خزم و کەس و کاری خۆی بەجێ ھێشت لە ڕێگای خوا چونکە مەبەستی کوشتنی ئەو ئافرەتەیانی ھەبوو ، وە لە ولاتی تر لە غەریبی دا دەژیت و بەردەوام دوعا بۆ دایک و باوک و خزم و کەس و کاری خۆی دەکات و بەردەوام بانگەوازی بۆ ئیسلام دەکات و بووە کەسێکی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو لە ئیسلام .

کوا ئافرەتی موسلمان و حیجابەکەی ؟! ئەی ئافرەت موسلمان تۆ لەکوێ دەژی و خەریکی چی و بێ ئاگایی ھەتا کەی ؟! کوا ئیمانی ئافرەتی موسلمان و تەسلیم بوونەکەی بۆ خوای خۆی ؟! کوا ئەو عیبادەتەی کە چەندین سالە دەکات ئیمانی نەگەیشتۆتە ئەو پلەیە کە تەنھا بۆ خوای خۆی تەسلیم بێت و لە لۆمەی لۆمە کاران نەترسێت ؟! وەللاھی چەندین موسلمان کاتێک ئەم جۆرە کافرانە دەبینن بۆ موسلمان بوون و پابەند بوون بە دینی ئیسلام ، خۆیان دەلێن ئێمە بە گومانین لە ئیسلام خۆمان تۆ بلێی ئێمە کافر نەبین ؟! وە بەڕوونی دان بەوە دەنێن و دەلێن ئیمانەکەمان ڕاست نییە و ئێمە ڕاست نین لەگەڵ خوای خۆمان ، ئەوا چەندین ساڵە موسلمانین کەچی نەگەیشتووینە ئەم پلە و ئەو خۆشییەی کە ئەمانە باسی دەکەن .

خوای گەورە ھەندێک مرۆڤی دروست کردووە ڕاستن لەگەڵ خوای خۆیان و ژیان و مردنیان ھەر بۆ ئەوە و خۆشترین ژیانیان ھەیە لە دونیا و قیامەت ، خۆشی بۆ ئەوانە کە خەلکانێک دژایەتی دەکەن و وا گومان دەبەن ئەمانە ژیانیان لەخۆیان تاڵ کردووە بەم نیقابە و دینیان تووند گرتووە و ئەمانە ئیسلامین ، بەلام لە ڕاستی دا ھەر خوا دەزانێت ئەمانە لە چ خۆشییەک دان ، تەسلیم بوون بۆ خوای گەورە و حیجاب لەبەر کردن و ھەر عیبادەتێک کردن پێویستی بە ئیمان ھەیە ، وەللاھی ئەگەر ئافرەت خۆشەویستی خوای گەورەی گەیشتبێتە ئەو ڕادەیە کە دڵی پەنگی خواردبێتەوە ئیلا حیجاب دەکات و لە لۆمەی لۆمە کران ناترسێت .

چەندین ئافرەت ھەن عیبادەت دەکەن و سونەتەکان دەکەن کەچی ھەست بە خۆشی عیبادەت ناکەن ، چونکە حیجابن تەنھا کاتی نوێژ یان گوێڕایەلی پیاوی خۆیان ناکەن .

ئەی خوشکی بەڕێز ئەمڕۆ لە دونیا دەژیت و سبەی لە قیامەت لێپرسینەوەت لەگەڵ دەکرێت بۆ ئەم حیجابە ، ئایە بەرگەی کەمترین سزا دەگریت کە جووتێ نەعل لە پێت دەکرێ مێشکی سەرت دەکوڵێ لەگەلی ؟! ئایە بەرگەی ئاگرێک دەگریت کە حەفتا ئەوەندە لە ئاگری دونیا گەرمترە ؟! ئایە بەرگەی شەرمەزاری ڕۆژی قیامەت دەگری بەرامبەر خوا و لە پێش چاوی ھەموو دروست کراوەکان ؟!

خوشکی بەڕێز مەترسە و پشت بەخوا ببەستە و گەش بین بە و دەست بکە بە حیجاب کردن ، ڕاستە سەرەتا کەمێک قورسە بەلام خوا پشت و پەنات بێت ھەموو شتێک لات سووک دەبێت دوای ماوەیەک لای خەلکیش دەبێتە شتێکی ئاسای و دوای ماوەیەک ڕۆژێک دێت باسی حالی خۆت دەکەیت دەلێیت : سەردەمێک حەزم دەکرد حیجاب بکەم بەلام لەبەر دەورووبەر نەمدەتوانی بەلام ئێستا سوپاس بۆ خوا حیجابم و من خەلک ھان دەدەم بۆ حیجاب کردن و ڕووکردنە دینی خوا و ئێستا خەلک پرسم پێ دەکات .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام