پرسیار // ئایا دروستە کاتێک لە بەڵاو ناخۆشیێک ڕزگار دەبیت ئاژەڵ سەرببڕیت یان خێرێک بکەیت ؟
وەلام // زانایان دەلێن ئەگەر دوای ڕزگار بوون لە بەڵا و ناخۆشی ئاژەڵ سەر ببڕێت یان خێرێک بکات بە پاکی بۆ خوا وەک سوپاسی کردن بۆ خوای گەورە ، ئەمەیان شتێکی ڕێگە پێدراوە و دروستە .
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( مەزهەبی ئەهلی سونە ئەوەیە کە سوپاسی خوای گەورە دەکرێت بە دڵ و وتە و کردەوە . )) مجموعة الفتاوی ج۱۱ لاپەڕە ۱۳٥
ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ڕێگای پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت و هاوەڵانی ئەوە بوو کە سوجدەی سوپاسیان دەبرد کاتی نوێ بوونەوە نیعمەت و لاچوونی نەخۆشی و بەڵا ......)) زاد المیعاد ج۱ لاپەڕە ۳٦۰
بەلام ئەگەر ئاژەڵ سەر ببڕێت یان خێر بکات بۆ ئەوەی لە داهاتوو لەشەری جن ڕزگار ببێت ، ئەمەیان داهێنراوە و دروست نییە ، ئەگەر ئاژەڵ سەربڕینەکە بۆ جنۆکە بێت ئەمەیان شیرکی گەورەیە .
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ..... ئەگەر مەبەست لەو ئاژڵ کوشتنەوەیە بۆ پاراستن بێت لە جنۆکە یان یان مەبەستێکی تری هەبێت خاوەنی مال ، بەمەیان فلانە شت و فلان بە دەست دێت وەک : سەلامەتی خۆی و ئەوانەی لەناو ئەو خانووە نیشتەجێن ، ئەمەیان نابێت و وە داهێنراوە ، ئەگەر ئاژەڵ سەربڕین بۆ جنۆکە بێت ئەمەیان شیرکی گەورەیە ، چونکە عیبادەت کردنە بۆ بێجگە لە خوا . ........ )) مجموعة فتاوی ابن باز ج٥ لاپەڕە ۳٨٨
عبدالرحمان بن ناصر البراك دەفەرمووێت : (( ئەگەر ئاژەڵ بۆ جنۆکە سەرببڕیت لەبەر ئەوەی ئەگەر بۆ جنۆکە سەر نەبڕیت ئەوە ئازارت دەدەن ئەمەیان عوزر نییە ، بەلکو لەسەریەتی داوای پشت بەخوا ببەستێت و داوای یارمەتی لە خوا بکات و پەنا بگرێت بەخوا لەشەڕیان ، وە گوێڕایەلیان نەکات ، چونکە ئەوان مرۆڤ ئازار دەدەن بۆ ئەوەی عیبادەتیان بکەن و لێیان نزیک بن ، لە سەردەمی نەزانین پەنایان دەگرێت بە جنۆکە وە جنۆکە زیاتر بەسەریاندا زاڵ دەبوون ، .......... ))
پوختەی وەلامی زانایان :
(۱) لەکاتی ڕزگار بوون لە ناخۆشی و بەڵا ڕێگە پێدراوە سوپاسی خوای گەورە بکەیت جا چ بە دڵ بێت یان زمان یان کردەوە ، وە دروستە ئاژەڵ سەرببڕیت یان خێر بکەیت .
(۲) دوای ڕزگار بوون لە ناخۆشی و بەلا واجب نییە ئاژەڵ سەرببڕیت یان خێر بکەیت کە خەلکانێک بە واجبیان داناوە .
(۳) ئاژەڵ سەربڕین ئەگەر بۆ ئەوە بێت تاکو لە داهاتوو لە شەڕی جنۆکە ڕزگار ببیت یان ئەمەیان داهێنراوە ، وە ئەگەر بۆ جنۆکە بێت ئەمەیان شیرکی گەورەیە .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ