پرسیار // ئایا دروستە ئافرەت دوای تەواو کردنی قوتابخانە بچێتە کۆلێژێک تێکەلاوی ھەیە لە نێوان کوڕ و کچ ؟
وەلام // زانایان دەلێن ئەسل وایە نابێت لە قوتابخانەی تێکەلاو وانە بخوێنی جا چ بۆ کوڕ بێت یان کچ ، چونکە زیانی بۆ ھەردوو ھەیە و فیتنە دروست دەبێت ، خوای گەورە پیاوی وا دروست کردووە ویستی " مەیلی " ھەیە بۆ ئافرەت و وە ئافرەتیشی وا دروست کردووە ویستی " مەیلی " بۆ پیاو ھەیە ، لەبەر ئەوەی تێکەلاوی حەرام کردووە و سنوری داناوە بۆ ئەوەی مرۆڤ پارێزراو و داوێن پاک بێت .
زانایان دەلێن تێکەلاوی کوڕ و کچ و ژن و پیاو لە کارکردن و پێکەوە بوون لە قوتابخانە و کۆلێژ دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە و تووشی فیتنە دەبن کوڕ و کچ و ژن و پیاو . لەوانە :
یەکەم / تووشی بوون بە نەزەر ، خوای گەورە فەرمانی بە ژن و پیاو کردووە چاویان بگرن لە حەڕام .
خوای گەورە دەفەرمووێت : (( قُلْ لِلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ وَقُلْ لِلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ وَلا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلا مَا ظَهَرَ مِنْهَا )) النور/30، 31 .
عن جرير بن عبد الله رضي الله عنه قال : (( سألت رسول الله صلى الله عليه وسلم عن نظر الفجاءة ، فأمرني أن أصرف بصري )) رواە مسلم (2159) .
دووەم / سەر دەکێشیت بۆ دەست بەریەک کەوتن و تەوقە کردن کە ئەمەش حەڕامە .
سێیەم / تێکەلاوی ئەگەری زۆری ئەوەی ھەیە کوڕ و کچ و ژن و پیاو بە تەنیا پێکەوە بمێننەوە ، کە ئەم خەلوەتەش حەڕامە بەلکو ترسناکترین ھەنگاوە بۆ تووش بوون بە فاحیشە .
چوارەم / پەیوەست بوونی پیاو بە ئافرەتەوە وە ئافرەتیش بە پیاوەوە ، لەبەر ئەوەی ماوەیەکی زۆر پێکەوە دەبن .
پێنجەم / تێک چوونی خێزان ، چەند پیاو خێزانی خۆی پشت گوێ خستووە چونکە پەیوەست بووە بە ئافرتێک لەگەڵی دەوام دەکات یان کۆلێژ ؟! وە بە پێچەوانەش چەند ئافرتیش بە ھەمان شێوە ؟! وە چەندینیان تووشی فاحیشە بووینە ؟!
بەلام ئەگەر خوێندنەکە پێویست بکات و ھیچ قوتابخانەی تر نەبێت یان کۆلێژی تر نەبێت ئیلا تێکەلاوی نەبێت لەم حالەتە دروستە لەم قوتابخانە و کۆلێژانە بخوێنن ، بەلام دەبێت بە گوێرەی توانا تەقوای خوا بکات و خۆی لەو ھۆکارانە بە دوور بگرێت کە ئەگەری تووش بوون بە فیتنەی ھەیە .
زۆر کەس ھەن وا گومان دەبن باشتر وایە ئافرەت نە خوێنی و نەچێت بۆ کۆلێژ ، بەلکو لەوە گەورەتر دەلێن مووچەی ئافرەت حەرامە چونکە لە شوێنێک دەوام دەکات تێکەلاوی ھەیە کە ئەمەش بیر کردنەوەیەکی ھەلەیە ، موسلمان دەبێت تەقوای خوا بکات و ژیرانە بیر بکاتەوە و بە ئارەزووی خۆی مووچەی خەلک حەڕام نەکات .
ئەگەر مامۆستای ئافرەت نەبێت کێ وانە بە کچان بدات ؟! ئەگەر دکتۆرەی ئافرەت نەبێت کێ سەرپەرشتی و چاودێری مناڵ بوونی دایک و خوشک و خێزانت بکات ؟! وە چەندین بواری تر کە پێویست دەکات ئافرەت ھەبێت تۆ پێت خۆشە پیاوی بێگانە بێت یان ئافرەت ؟! زۆر کەس ھەن لە بیرکردنەوە ژیر نین بەلام کاتێک بە کردەوە تووش دەبن ئەو کات تێدەگەن بە تایبەتی بواری پزیشکی زانایان دەلێن دەبێت دکتۆرەی ئافرەت ھەبێت .
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( واجبە دکتۆرەی ئافرەت تایبەت بێت بە ئافرەتان ، وە دکتۆری پیاو تایبەت بێت بە پیاو ، ئیلا کاتی پێویستی ئەگەر نەخۆشی پیاو ھەبێت ھیچ دکتۆری پیاو نەبێت ، ئەمەیان ھیچی تێدا نییە ، خوای گەورە دەفەرمووێت : ( وقد فصل لكم ما حرم عليكم إلا ما اضطررتم إليه ) الأنعام / 119". ))
ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیار لێی کرا : حوکمی چوونی ئافرەت بۆ لای دکتۆری پیاو کەچی دکتۆرەی ئافرەت ھەیە لەو بوارەدا ؟
لە وەلام دا دەفەرمووێت : (( ئەگەر ھەردووکیان یەک بواریان ھەبوو وە لە زیرەکیش دا یەکسان بوون ، ئەوا ئافرەت نابێت بچێت بۆ لای دکتۆری پیاو ، چونکە پێویست ناکات و دکتۆرەی ئافرەت ھەیە ، بەلام ئەگەر دکتۆری پیاو زیرەک تر بوو لە ئافرەت یان بوارەکەی قوول تر بوو ئەوا ھیچی تێدا نییە سەردانی بکات ، ئەگەر دکتۆرەی ئافرەتیش ھەبێت چونکە پێویست دەکات ، وە کاتی پێویستیش ڕێگە پێدراوە لەم حالەتانە . ))"فتاوى علماء البلد الحرام" (ص 693) .
دەبێت ئافرەت بخوێنێ چونکە کۆمەلگا پێویستی بە ئافرەتە و چەندین بوار ھەن واجبە ئافرەت بێت و حەڕامە پیاو بێت ، ڕاستە خراپە زۆر بووە و کۆلێژەکان ھەمووی تێکەلاون ، بەلام ئەگەر ئافرەت نەخوێنێ زیانی زیاترە بۆ کۆمەلگا .
زۆر کەس ھەن کچ بەشوو نادەن ھەتا کۆلێژ تەواو دەکات یان کچ قبول ناکات ھەتا کۆلێژ دەکات ، ئەمە بیر کردنەوەیەکی ھەلەیە و پێچەوانەی وتەی پێغەمبەرە و پێچەوانەی فەتوای زانایانە ، ڕاستە مال بەڕێوەبردن و خوێندن یان کۆلێژ ھەردووکیان پێکەوە ھەندێک قورسە بەلام تووش بوون بە عیشق و فاحیشە و خەم و خەفەت و دوودڵی لە ئەمە قورسترە ، زەواج پارێزەرە بۆ شەھوەت و خەم خەفەت و تووش بوون بە فاحیشە ، چەندین کچ تەمەنای ئەوە دەکەن و دەلێن خۆزگە شووم بکردبا بەم شێوەیە تووشی فاحیشە نەبواما ؟! وە چەندین کچیش ماونەتەوە لە مالەوەن دوای تەواو کردنی کۆلێژ کەس داوایان ناکات و خۆزگە دەخوازن و دەلێن خۆزگە شوومان بکردبا .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ