سەردێری پرسیار: ئایا دروستە کافرێکت خۆش بوێت ؟ ئایا دروستە بە کافر بلێیت خۆشم دەوێیت ؟

بەرواری دانان :2018-10-24 کۆدی پرسیار:736

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە کافرێکت خۆش بوێت ؟ ئایا دروستە بە کافر بلێیت خۆشم دەوێیت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن ڕێگری نییە لە نێوان موسلمان و کافرێکی دیار کراوە خۆشەویستی سروشتی لە نێوانیان ھەبێت ، لەبەر ھەر ھۆکارێک جا چ لەبەر نزیکی یان نەسەب یان ژن ھێنان یان چاکەی لەگەڵ کردووە ، بەلام لەگەڵ ئەمەش دەبێت بەرائەت و دژایەتی ھەر بمێنێت ، بەلگە :

(١) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( إِنَّكَ لَا تَهْدِي مَنْ أَحْبَبْت )) [ القصص : ٥٦ ] ، واتە : تۆ ناتوانیت ھیدایەتی ئەو کەسە بدەیت کە خۆشت دەوێت .

لەم ئایەتە خوای گەورە خۆشەویستی پێغەمبەری بۆ مامی جێگیر کردووە کە کافر بوو و لەسەر کوفریش مرد .

(٢) ڕوخسەت دراوە ئافرەتی ئەھلی کتاب مارە بکەیت ، کەچی زەواج خۆشەویستی دەڕوێنێت لەنێوان ژن و پیاو ، خوای گەورە دەفەرمووێت : (( خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً )) [ الروم : ٢ ] .

ئەم خۆشەویستی یە و ڕق لێ بوونەوە دەکرێت بێتە دی وەک خۆشەویستی و ڕق لێ بوونەوەی دەرمانە ، دەرمان لە ڕوویەک مرۆڤ حەز دەکات بیخوات و خۆشی دەوێت چونکە چارەسەرە ، لە ڕوویەکی تر خۆشی ناوێت و ڕقی لێیەتی .

ھەروەھا جیھاد کردن لە ڕێگای خواش بە ھەمان شێوە ، مرۆڤی پێی خۆش نییە جەنگ بکات و لە ھەمان کاتدا خۆشەویستیشە چونکە پاداشتێکی گەورەی ھەیە .

خوای گەورە دەفەرمووێت : (( كُتِبَ عَلَيْكُمُ الْقِتَالُ وَهُوَ كُرْهٌ لَكُمْ )) [ البقرة : ٢١٦ ] .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھیچی تێدا نییە مرۆڤ حەزی لە شتێک نەبێت کە واجب کراوە لەسەری ، پێ ناخۆش بوونێک نەبێت کە شەرع واجبی کردووە لەسەری ، بەلکو پێ ناخۆش بوونێکی سروشتی بێت ، سەبارەت بەوەی کە خوای گەورە واجبی کردووە ، واجبە ڕازی بیت و دڵت پێ خۆش بێت . )) "تفسير الفاتحة والبقرة" (3/50) .

صالح ال الشیخ خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( دۆستایەتی و دوژمنایەتی کافرەکان سێ پلەیە :

یەکەم : پشتگیری و خۆشەویستی بۆ کافرەت ھەیە لەبەر کوفرەکەی ، ئەمەیان کوفرە .

دووەم : خۆشت دەوێت و ڕێزی لێ دەگریت بۆ دونیا ، ئەمەیان حەڕامە و جۆرێکە لە جۆرەکانی پشتگیری کردنی زەم کراو .

سێیەم : بەرامبەر نیعمەت یان نزیکی و خزمایەتی ، ئەم جۆری خۆشەویستی دێتە دی ، یان چاکە کردن یان شتی تر ، ئەگەر شەڕ دژی موسلمانان نەکات ئەوە ڕوخسەت دراوە . )) إتحاف السائل بما في الطحاوية من مسائل " ص (501) بترقيم الشاملة .

کەواتە جیاوازی ھەیە لەوەی کە کافرێکت خۆش بووێت لەبەر ئایینەکەی و ئەو باطلەی کە لەسەریەتی ، وە کافرێکت خۆش بووێت لەبەر ھۆکارێک وەک پەیوەندی یان زەواج ، ئەمەیان ھیچی تێدا نییە .

ئەگەر ئەسڵی ئەم خۆشەویستی یە دروست بێت و شەرع نەھی لێ نەکردبێت ، ئەوە دروستە بە کافر بلێیت خۆشم دەوێت . واللە أعلم

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام