پرسیار // ئایا دروستە داخوازی بەسەر داخوازی کوڕێک بکەم کە کوڕەکە باش نییە ؟
وەلام // زانایان دەلێن حەڕامە پیاو داخوازی بەسەر داخوازی پیاو بکات ، ھەتا داخوازی یەکەم وازی لێ دەھێنێت یان ئیزنی پێ دەدات ، بەلگە :
پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( وَلا يَخْطُبَ الرَّجُلُ عَلَى خِطْبَةِ أَخِيهِ حَتَّى يَتْرُكَ الْخَاطِبُ قَبْلَهُ ، أَوْ يَأْذَنَ لَهُ الْخَاطِبُ) رواه البخاري (4848) ومسلم (1412) .
واتە : پیاو با داخوازی لەسەر داخوازی برای خۆی نەکات ھەتا وازی لێ دەھێنێت یان ئیزنی پێ دەدات .
سەبارەت بە کەسی خراپ " فاسق " جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان دوو وتە ھەیە :
یەکەم : زۆربەی زانایان دەلێن حەڕامە داخوازی بەسەر داخوازی فاسقیش بکەیت ، بەلگە :
(١) فەرموودەکە گشتی یە و ھیچ جیاوازی نەخستۆتە نێوان کەسی باش و خراپ ، وە فاسق لەدین دەرناچێت و کافر نابێت .
دووەم : ھەندێک زانا دەلێن دروستە بۆ کەسێکی باش داخوازی بەسەر داخوازی کەسێکی خراپ بکات ، ئەمە وتەی زۆربەی مالکییەکانە و وتەی ئەوزاعی و ابن حزمە ، بەلگە :
(١) بنچینەی دین ئامۆژگاری یە و کەسی باش باشترە و لەپێش ترە بۆ ژن پێدان .
وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە چونکە فەرموودەکە ڕوون و ئاشکرایە و وتەی دووەم ئیجتھادە پێچەوانەی فەرموودەیە ، باشتر وایە ئافرەت نەدەیت بە کەسێک ئەگەر باش نەبێت ، وە ئەگەر داخوازی یەکەم فاسقێکی داوێن پیس بێت دروست نییە ئافرەتی داوێن پاک بدەیت بە داوێن پیس .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ