پرسیار // ئافرەتێک شیری بە مناڵێک داوە ، ئەم مناڵە دەیەوێ کچی ئەو ئافرەتە مارە بکات ، بەلام ئافرەتەکە بە گومانە چوار جار شیری پێ داوە یان پێنج جار یان کەمتر ؟
وەڵام // زانایان دەڵێن ئەسڵ وایە شیر خۆر نابێتە مەحرەم ھەتا دڵنیا دەبێت پێنج ژەم تێر شیری خواردۆتەوە ، ئەگەر بە گومان بێت ئەسڵ وایە مەحرەم نییە و نەبۆتە مەحرەم و دروستە زەواج بکرێت .
گومان دروست بوون بۆ ژمارەی شیر پێدانەکان ئەم سێ حالەتانەن :
حالەتی یەکەم : بەزۆری گومانی بۆ ئەوە دەچێت کە کەمتر لە پێنج ژەم شیری پێداوە ، لەم حالەتە ئەو مناڵە نابێتە مناڵی شیری ئەو ئافرەتە ، وە دروستە کچی ئەو ئافرەتە مارە بکات .
حالەتی دووەم : گومانی بۆ ھیچ لایەک ناڕوات لە نێوان پێنچ ژەم و چوار ژەم یان کەمتر ، لەم حالەتە ئەسڵ وایە مناڵی شیری ئەو ئافرەت نییە و نابێتە مەحرەم ، دروستە کوڕ کچی ئەو ئافرەتە مارە بکات .
حالەتی سێیەم : بەزۆری گومانی بۆ ئەوە دەچێت کە پێنج ژەم شیری بەو مناڵە داوە ، ھەندێک دەلێن دروستە کچی ئەو ئافرەتە مارە بکات ، وە ھەندێکی تر دەلێن لەم حالەتە باشتر وایە کچی ئەو ئافرەتە مارە نەکات و مامەلەی مەحرەمیش لەگەڵ نەکات بۆ سەیر کردن و خەلوەت ، دەلێن ئەمە دڵنیا تر و باشترە .
ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر گومان دروست بوو لە شیر پێدان ، یان ژمارەی شیر پێدانەکان تەواوی کردووە یان نە ؟ ئەوە مەحرەمی جێگیر نابێت ، چونکە ئەسڵ وایە مەحرەم نییە ، .... )) المغني" (11/321) .
صالح الفوزان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر دڵنیا نەبوویت لە ژمارەی شیر پێدانەکان ، ئەوا بۆ دڵنیایی باشتر وایە ئەو کچە مارەنەکەیت بۆ خۆ دوور خستنەوە لە شوبھە ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : " فَمَنْ اتَّقَى الْمُشَبَّهَاتِ اسْتَبْرَأَ لِدِينِهِ وَعِرْضِهِ " ، وقال صلى الله عليه وسلم : " دَعْ مَا يَرِيبُكَ إِلَى مَا لَا يَرِيبُكَ " )) " فتاوى المرأة المسلمة" (2/856، 857) .
ابن جبرین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر گومان دروست بوو نازانی پێنج جار شیرت پێداوە یان چوار جار یان کەمتر ، ئەوا ئەسڵ وایە حەڕام نییە ، چونکە ئەسڵ وایە مەحرەم نییە ، ھیچی تێدا نییە لەم حالەتە زەواج بکرێت ، ئەم شیر خواردنەی گومانی تێدایە بە مەحرەم حساب ناکرێت . ))
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ