پرسیار // ئایا دروستە پیاو شیری خێزانی خۆی بخواتەوە ؟ ئایا ئەگەر خواردییەوە لێک جیا دەکرێنەوە ؟
وەڵام // شیر خواردنی ژن ئەو کاتە ژن دەبێتە دایکی شیری و کەسەکە دەبێتە مناڵی شیری ئەگەر :
(۱) شیر خواردنەکە لە دوو ساڵی سەرەتایی ژیانی مناڵەکە بێت پێش ئەوەی دەست بە خوارد بکات .
(۲) مناڵەکە پێنج جار ( واتە پێنج ژەم ) تێر شیر بخواتەوە لەو ژنە .
کەواتە دەڵێین باشتر وایە واز لەم شیر خواردنەی خێزانی بهێنێت ، ئەگەر خواردی دەلێین کاریگەری نەبووە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان ، وە پیاو نابێتە منالی شیری خێزانی خۆی وە لێکیش جیا ناکرێنەوە .
ابن عثمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( شیر خواردنی کەسی گەورە کاریگەری نییە ، ئەوەی کاریگەری هەبێت ئەو شیر خواردنەیە لە دوو سالی یەکەمی سەرەتای ژیانی پێش خواردن و وە دەبێت پێنج جار ( واتە پێنج ژەم ) تێر شیری لێ بخواتەوە ، کەواتە ئەگەر یەکێک شیری خێزانی خۆی بخواتەوە نابێتە منالی شیری خێزانی خۆی )) فتاوی اسلامیة ج۳ لاپەڕە ۳۳٨
سەبارەت بە فەرموودەی عائشە دەفەرمووێت : سهلەی کچی سوهەیل وتی : ئەی نێردراوی خوا سالم مەولای ابی حذیفه لە گەل ئێمەیە لە مالەوە ، هەروەها پێگەیشتووە واتە بالغ بووە ، من هەست دەکەم شتێک چووبێتە دلی پیاوەکەم ابی حذیفه ، پیغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی : (( شیری پێ بدە تۆ لێی حەڕام دەبی ، وه ئەوەی لە دلی پیاوەکەت دا دروست بووە ئەویش نامێنێت )) گەڕاوە وتی : من شیرم پێ دا ، وە ئەوەی لە دڵی پیاوەکەم هەبوو ئەویش نەما . رواە مسلم (۱٤٥۳) .
روایەت هاتووە سەهلە دەلێت : (( مەولای ابی حذیفة گەورە بووە خاوەن ڕیشە ، ....)) مسلم
لەم فەرموودەیە ئاماژەی بۆ ئەوە نەکردووە کە چۆن شیری داوە بەو گەنجە زانایان دەلێن :
(۱) لەوانەیە شیری لەناو قاپێک کردبێت گەنجەکەش خواردبێتەوە .
(۲) لەوانەشە ڕاستەوخۆ شیری خواردبێتەوە لە ژنەکە ، چونکە حالەتی پێویست بوون دروستە .
سەبارەت بەم فەرموودەیە دوو وتە هەیە :
یەکەم : هەندێک زانا دەلێن شیر خواردنی کەسێکی بالغ جێگیر دەبێت هەروەک چۆن بۆ مناڵ جێگیر دەبێت ، کە ئەمە وتەی عائشە ، عطاء ، داود ، ابن حزمه .
دووەم : زۆربەی زانایان دەلێن شیر خواردنی کەسێکی بالغ جێگیر نابێت ، وە جیاوازی هەیە بۆ لێک دانەوەی ئەم فەرموودەیە :
(۱) هەندێک زانا دەلێن ئەم فەرموودەیە تایبەتە بە سالم مەولای ابی حذیفة .
ئیمام شافعی رەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( هذ - واللە ٲعلم - فی سالم مولی ٲبی حذیفة خاصة )) الام ج٦ لاپەڕە ۷۹ ، واتە : ئەمەیان خوا زاناترە تایبەتە بە سالم مەولای ابی حذیفة.
(۲) هەندێک زانا دەلێن ئەوەی سالم منسوخە .
(۳) هەندێک زانا دەلێن ئەم حوکمە تایبەتە بە سالم و هەر کەسێکی تری وەک سالم هەمان حالەت ڕووبدات ، کە ئەمە وتەی ابن تیمییە ، ابن قیم ، شوکانی ، ابن عثیمینه .
دەلێین وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە ، وە وتەی ڕاست وتەی سێیەمە شیر خواردنی کەسێکی بالغ جێگیر نابێت وە ئەم فەرموودەیە تایبەتە بە سالم و هەر کەسێکی تری وەک سالم لەو کاتە شیر دەخواتەوە و دەبێتە منالی شیری ئەو ژنە کە لێی دەخواتەوە ئەگەر کەسەکە بالغیش بێت .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ