سەردێری پرسیار: برام شیری لە ئافرەتێک خواردووە ئایا کچەکانی ئەو ئافرەتە لەسەرم حەڕام دەبن ؟

بەرواری دانان :2018-11-01 کۆدی پرسیار:770

پرسیار:

پرسیار // برام شیری لە ئافرەتێک خواردووە ئایا کچەکانی ئەو ئافرەتە لەسەرم حەڕام دەبن ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام // سەرەتا زانایان دەلێن نزیکەکانی مرۆڤ ئەمانەن :

(١) فروع : منالەکان و منالی منالەکان بەرەوە خوارەوە ئەمانە پێی دەلێن فروع .

(٢) أصول : باوک و دایک و داپیر و باپیر بەرەو سەرەوە پێی دەلێن أصول .

(٣) حواشی : خوشک و برا و مام و خال ئەمانە پێی دەلێن حواشی .

زانایان دەلێن شیر خواردن دوو لایەن ھەیە :

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سێ شتمان ھەیە :

(١) دایکی شیر دەر .

(٢) خاوەنی شیر کە پیاوی ئافرەتەکەیە یان سەیدی ئافرەتەکەیە .

(٣) ئەو منالەی شیری پێدراوە .

ھەر یەکە لەم سێیانە أصول و فروع و حواشی ھەیە ، ئافرەتە شیر دەرەکە أصولەکانی دایک و باوک بەرەو سەرەوە ، وە فروعەکانی کوڕ و کچەکانی و منالەکانی بەرەو خوارەوە ، وە حواشییەکانی برا و مام و خالەکانی ، وە خاوەنی شیریش ئەم سێیەی ھەیە أصول و فروع و حواشی وە شیر پێدراویش بەھەمان شێوە أصول و فروع و حواشی ھەیە ، سەبارەت بە شیر پێدراو کاریگەری لە أصول و حواشی یەکانی ناکات بەلکو تەنھا کاریگەری لە فروعەکانی دەکات ، وە سەبارەت بەو ئافرەتەی شیری پێداوە کاریگەری لە أصول و فروع و حواشییەکانی دەکات ، وە خاوەنی شیریش کاریگەری لە أصول و فروع و حواشییەکانی دەکات .

نموونە : زەید شیری خواردووە لە ئافرەتێک ناوی ھند ، وە پیاوی ئافرەتەکە ناوی خالدە :

(١) ئافرەتە شیردەرەکە : دایکەکانی ھند کاریگەری ھەیە لە شیر " واتە أصول " ، وە کچەکانی ھند کاریگەری ھەیە لە شیر " واتە فروع " وە خوشکەکانی " واتە حواشی " و خوشکی دایکی و خوشکی باوکی .

(٢) خاوەنی شیر " پیاوی ئافرەتەکە " : خاوەنی شیر کە ناوی خالدە کاریگەری ھەیە لە شیر لەسەر دایەکانی چونکی أصولی خالدن ، وە کاریگەری لەسەر کچەکانی ھەیە چونکە فروعەکانیەتی ، وە کاریگەری لەسەر خوشک و براکانیەتی چونکە حواشییەتی .

(٣) شیر پێدراو : ئەوەی ماوە شیر پێدراوە کە ناوی زەیدە شیر کاریگەری لەسەر نەوەکانی دەکات واتە فروعەکانی ، کاریگەری لە أصول و حواشی ناکات ، لەبەر ئەوە دروستە بۆ برای شیر پێدراو " واتە برای زەید " ئەو ئافرەتە مارە بکات کە شیری داوە بە زەید ، چونکە شیر کاریگەری لەسەر حواشی نییە ، وە دروستە بۆ باوکی زەید ئەو ئافرەتە مارە بکات کە شیری داوە بە زەید چونکە شیر کاریگەری نییە لەسەر أصولی شیر پێدراوەکە ، دروست نییە بۆ کوڕی شیر پێدراوەکە " واتە کوڕی زەید " کچی ئەو ئافرەتە مارە بکات کە لەگەڵ باوکی خۆی واتە لەگەڵ زید پێکەوە شیریان خواردووە کە ئەو ئافرەتە دەکاتە خوشکی زەید لە شیر بۆیە بۆ کوڕی دروست نییە و وە شیر کاریگەری لەسەر فروعی شیر پێدراو ھەیە . )) "الشرح الممتع" (13/ 423) .

پـــوختەی وەلامـــی زانــــایـــــان :

(١) برات شیری خواردووە لە ئافرەتێک دروستە ئەو ئافرەتە یان کچەکانی مارەی بکەیت بەلکو تەنھا بۆ برات و کوڕەکانی برات دروست نییە مارەیان بکات .

(٢) ئافرەتە شیر دەرەکە أصولەکانی دایک و باوک بەرەو سەرەوەیە ، وە فروعەکانی کوڕ و کچەکانی و منالەکانی بەرەو خوارەوەیە ، وە حواشییەکانی برا و مام و خالەکانی یە ، سەبارەت بە ئافرەتی شیر دەر کاریگەری لە أصول و فروع و حواشییەکانی دەکات .

(٣) خاوەنی شیریش ئەم سێیەی ھەیە أصول و فروع و حواشی ، سەبارەت بە خاوەنی شیر کاریگەری لە أصول و فروع و حواشی یەکانی دەکات .

(٤) شیر پێدراویش بەھەمان شێوە أصول و فروع و حواشی ھەیە ، سەبارەت بە شیر پێدراو کاریگەری لە أصول و حواشی یەکانی ناکات بەلکو تەنھا کاریگەری لە فروعەکانی دەکات .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام