سەردێری پرسیار: من ئافرەتم براکانم مافی من لە میرات بە تەواو نادەن ، ئامۆژگاریتان چییە بۆ ئەوانەی میرات بە تەواوی نادەن ؟

بەرواری دانان :2018-11-02 کۆدی پرسیار:780

پرسیار:

پرسیار // من ئافرەتم براکانم مافی من لە میرات بە تەواو نادەن ، ئامۆژگاریتان چییە بۆ ئەوانەی میرات بە تەواوی نادەن ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام // گومانی تێدا نییە ئەوەی میرات نادات بە کچ یان میراتیانی خواردووە یان ھەندێک میراتیانی خواردووە ، ئەوا حەڕامی خواردووە و سنورەکانی خوای گەورەی بەزاندووە .

خوای گەورە پاش ئەوەی باسی میرات دەکات دەفەرمووێت : (( تِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ وَمَنْ يُطِعْ اللَّهَ وَرَسُولَهُ يُدْخِلْهُ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا وَذَلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ * وَمَنْ يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَيَتَعَدَّ حُدُودَهُ يُدْخِلْهُ نَاراً خَالِداً فِيهَا وَلَهُ عَذَابٌ مُهِينٌ )) [النساء/13-14].

واتە : ئەم یاسای میراتە کە بۆتان باس کرا سنوروکانی خوان ، دەبێت ئێوەش بە باشی ئاگاتان لێ بێت ، ھەر کەسێک گوێڕایەلی خوا و پێغەمبەر بکات خوا دەیخاتە ناو چەند باخ و باخاتێکەوە کە ئاو و ڕووبار بە ژێریاندا دەڕوات و وە بە ھەتا ھەتایش تێیاندا ئەمێننەوە و ئەوەش سەرکەوتنی گەورە و مەزنە ، وە ھەر کەسێک لە فەرمانی خوا و پەیامبەرەکەی دەچێ و بە گوێیان نەکات و سنوری خواش ببەزێنێت ئەیخاتە ناو ئاگرێکەوە بەھەمیشەی تێیدا دەمێنێتەوە و وە سزایەکی ڕیسواکەریشی بۆی ھەیە .

خواردنی بەشی کەسی تر لە میرات خواردنی حەڕامێکە لە حەڕامەکان ، خوای گەورە زۆرینەیان لە دونیا لەسەر ئەو ماڵە سزا دەدات و بێجگە لە سزای قیامەت ، بەتایبەتی خواردنی ماڵی ئافرەت ، بەلام ھەندێک ئافرەتیش ھەن مافی خۆیانی وەرگرتووە ھەر گلەی دەکەن کە ئەم حالەتە کەمە ، ھیوادارم ئافرەتان لەوان نەبن چونکە شارەزا نین ، وەک ئەم چیڕۆکە :

دەگێڕنەوە ئافرەتێک ھاتە لای زانایەک پێی وت : براکەم مردووە و شەش سەد درھەمی بەجێ ھێشتووە ، کاتێک میراتیان دابەش کرد تەنھا یەک درھەمیان بە من دا وەک میرات له بەشی خۆم !

زاناکە بیری کردەوە ماوەیەک و پاشان بە ئافرەتەکەی گوت : لەوانەیە براکەت خێزانی ھەبێت ، وە دایکیشی ھەبێت و لەگەڵ دوو کچ و دوازدە برای ھەبێت ، ئافرەتەکە سەری سوڕما گوتی : بەلێ ڕاست دەکەی وایە .

زاناکە فەرمووی : ئەو درھەمە حەقی تۆیە و ئەوان ستەمیان لەتۆ نەکردووە ، خێزانی مردوو لە ھەشت بەشی میرات یەک بەش دەبات کە دەکات (٧٥) درھەم ، وە دوو کچی مردووش لە سێ بەشی میرات دوو بەش دەبەن کە دەکاتە (٤٠٠) درھەم ، وە دایکی لە شەش بەشی میرات یەک بەش دەبات کە دەکاتە (١٠٠) درھەم ، ئەو میراتەی ماوە (٢٥) درھەمە ، دابەش دەکرێت بەسەر دوازدە برا و یەک خوشکی مردوو ، کچ نیووە کوڕ دەبات ، واتە ھەر برایەک دوو درھەم دەبات و خوشکیش یەک درھەم دەبات .

موسلمان دەبێت تەقوای خوا بکات و ماڵی حەڕام نەخوات میراتی ئافرەت بدات ، چونکە ئافرەت لاوازە و بێ دەسەلاتە ، زولم کردن لە لاواز و بێ دەسەلاتەکان یەکێکە لە تاوانە گەورەکان ، وە خواردنی میراتی کەسانی تر سنور بەزاندنە پەنا بەخوا .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام