سەردێری پرسیار:حوکمی بەستنی دەزوو بۆ لادنی نەخۆشی و بەلا ؟

بەرواری دانان :2018-11-09 کۆدی پرسیار:800

پرسیار:

پرسیار // حوکمی بەستنی دەزوو بۆ لادنی نەخۆشی و بەلا ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام // زانایان دەڵێن لەدەست کردن یان لەبەر کردنی حەلقە یان دەزوو یان شتی تر ھاوشێوەی ئەمانە ئەم سێ حالەتانەن :

حالەتی یەکەم : ھەر کەسێک دەزوو یان حەلقە لەبەر بکات ، وە باوەڕی وابێت خودی دەزووەکە یان حەلقەکە سوودی یان زیان یان بەلا لادەدات ، ئەوا تووشی شیرکی گەورە بووە شیرک لە پەروەردگاریەتی دا .

حالەتی دووەم : ھەر کەسێک دەزوو یان حەلقە لەبەر بکات ، وە باوەڕی وایە خودی دەزووەکە یان حەلقەکە تەنھا ھۆکارە ، لادانی بەلا و ناخۆشی بەدەست خوایە ، ئەوا تووشی شیرکی بچووک بووە .

حالەتی سێیەم : ھەر کەسێک دەزوو یان حەلقە لەبەر بکات ، ھیچ مەبەستی نەبێت تەنھا بۆ جوانی ، دەڵێن ئەگەر شتێکی ڕوون و ئاشکرا بوو بەوانە بچێت کە بۆ لادانی بەلا یان ھەڵگرتنی بەلا لەبەر دەکەن ، ئەوا حەڕامە چونکە خۆ چواندنە بە ئەھلی شیرک ئەگەر چی نییەتی خۆ چوواندنیشی نەبێت .

وە دەزوو یان حەلقە لەبەر کردن یان لە دەست کردن بۆ لادانی یان ھەڵگرتنی بەلا یان ناخۆشی دوو حالەتە :

حالەتی یەکەم : بۆ ھەڵگرتنی بەلا ، واتە دوای ئەوەی تووشی نەخۆشی یان بەلا دەبێت ئینجا لە دەست دەکات یان لەبەر دەکات .

حالەتی دووەم : بۆ لادانی بەلا ، واتە ھێشتا تووشی بەلا و ناخۆشی نەبووە دەزوو یان حەلقە لە دەست دەکات یان لەبەر دەکات .

زانایان دەڵێن لەدەست کردنی دەزوو یان حەلقە بۆ لادانی بەلا و ناخۆشی تاوانی گەورەترە بۆ ھەڵگرتنی بەلا .

بەستنی دەزوو یان حەلقە بە دوو مەرج دەبێتە شیرکی بچووک :

(١) جێگیر بووبێت بە شەرع و تەجڕوبە ھۆکارەکە سوودی نییە .

(٢) پەیوەست بێت بە خودی شتەکە لە سوودی ھەیە و ھۆکارە بەڵام نەک وەک خوا و خودی شتەکە زیان و بەلا لانادات ، بەلکو خوای گەورەیە .

بەستنی دەزوو یان حەلقە بە دوو مەرج دەبێتە شیرکی گەورە :

(١) جێگیر بووبێت بە شەرع و تەجڕوبە ھۆکارەکە سوودی نییە .

(٢) پەیوەست بێت بە ھۆکارەکە و باوەڕی وابێت خودی شتەکە زیان و بەلا لادەدات وەک خوا .

صالح ال الشیخ خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( " لرفع البلاء أو دفعە " چونکە دوو حالەت ھەیە ، ھەیە حەلقە و دەزوو یان شتی تر ھەڵدەواسێت پێش ڕوودانی بەلا بۆ لادانی ، گومانی تێدا نییە ئەمەیان تاوانی گەورەترە لەوەی ھەڵیدەواسێت بۆ ھەڵگرتنی بەلا دوای ھاتنی بەلا ، چونکە گومانی وایە ئەم شتە پیسانە قەدەری خوا لادەبەن ، .....

بنچینە لەم بابەتە : جێگیر کردنی ھۆکاری کاریگەر و بە ھۆکار دانان نابێت ئیلا لە ڕووی شەرعەوە بێت ، نابێت ھۆکار جێگیر بکەیت ئیلا ھۆکاری شەرعی بێت ، یان ھۆکارێک بێت بە تاقیکردنەوە کاریگەری ھەبێت کاریگەریەکی ڕوون و ئاشکرا نەک شاراوە ، .... )) التمھید لاپەڕە ٩٥ ـ ٩٦

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( خەڵک لە ھۆکارەکان دوو لایەن ھەیە و مام ناوەند ھەیە :

یەکەم : کەسێک ئینکاری ھۆکار دەکات ، ئەوانە ھەموو ئەو کەسانەن کە نەفی حیکمەتی خوا دەکەن ، وەک جەبری و ئەشعەری .

دووەم : ھەیە زیادەڕەوی دەکات لە جێگیر کردنی ھۆکار دەکەن ھەتا شتێک ھۆکاریش نەبێت دەیکەن بە ھۆکار ، ئەوانە زۆرینەی خوڕافییەکان و سۆفییەکان و کەسانی تری وەک ئەوانن .

سێیەم : ھەیە ئیمانی بە ھۆکار و کاریگەرییەکەی ھەیە ، بەڵام ھۆکارەکان جێگیر ناکەن ئیلا ئەو ھۆکارانە نەبێت کە خوا و پێغەمبەر جێگیریان کردووە ، جا چ ھۆکاری شەرعی بێت یان ھۆکاری کەونی بێت .....

لەبەر کردنی بازنە و ھاوشێوەکانی ئەگەر ئەوەی لە دەستی کردووە باوەڕی وابێت خودی بازنەکە کاریگەری ھەیە بێجگە لە خوا ، ئەوا شیرکی گەورەیە و شیرکە لە تەوحیدی پەروەردگاریەتی دا ، چونکە باوەڕی وایە لەگەڵ خوا دروستکەرێکی تر ھەیە .

ئەگەر باوەڕی وابێت ئەوە ھۆکارە بەڵام خودی شتەکە کاریگەری نییە ، ئەوا شیرکی بچووکە چونکە باوەڕی وایە ئەو شتە ھۆکارە کەچی ھۆکار نییە ، بەژداری لەگەڵ خوای گەورەی کرد لە حوکم بۆ ئەو شتە کە ھۆکارە ، وە خوای گەورە بە ھۆکاری دانەناوە ، ....

" لرفع البلاد أو دفعه " جیاوازی نێوانان : رفع دوای ھاتنی بەلایە ، دفع پێش دابەزینی یان ھاتنی بەلایە . )) القول المفید ج١ لاپەڕە ٢٠٤ ــ ٢٠٩

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام