سەردێری پرسیار:ئایا سونەتە نوێژی عیشا تاخیر بکرێت ؟

بەرواری دانان :2018-11-13 کۆدی پرسیار:821

پرسیار:

پرسیار // ئایا سونەتە نوێژی عیشا تاخیر بکرێت ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام // زانایان دەڵێن باشترین کات بۆ نوێژەکان سەرەتای کاتە و پاداشتی زیاترە ، ئیلا نوێژی نیوەڕۆ نەبێت ئەگەر زۆر گەرما بوو ، وە نوێژی عیشا باشتر وایە دوا بخەیت بەڵام نابێت لە نیوەی شەو تێپەڕ بێت ، بەڵگە :

عن عَبْدِ اللَّهِ بن مسعود رضي الله عنه قَالَ : سَأَلْتُ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : أَيُّ الْعَمَلِ أَحَبُّ إِلَى اللَّهِ ؟ قَالَ : " الصَّلاةُ عَلَى وَقْتِهَا . " قَالَ : ثُمَّ أَيٌّ ؟ قَالَ : " ثُمَّ بِرُّ الْوَالِدَيْنِ . " قَالَ : ثُمَّ أَيٌّ ؟ قَالَ : " الْجِهَادُ فِي سَبِيلِ اللَّهِ " )) رواە البخاري (496) ومسلم (122) .

واتە : عبداللە بن مسعود خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت : پرسیارم لە پێغەمبەر کرد سەلامی خوای لێ بێت : کامە کردەوە خۆشەویست ترینیانە لای خوای گەورە ؟ فەرمووی : " نوێژ کردن لە کاتی خۆی " ، پاشان وتم کامە ؟ فەرمووی : " چاکە کردن لەگەڵ دایک و باوک " پاشان وتم کامە ؟ فەرمووی : " جیھاد کردن لە ڕێگای خوا " .

عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ عَمْرٍو رضي الله عنهما عَنْ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ : (( وَقْتُ الظُّهْرِ مَا لَمْ يَحْضُرْ الْعَصْرُ ، وَوَقْتُ الْعَصْرِ مَا لَمْ تَصْفَرَّ الشَّمْسُ ، وَوَقْتُ الْمَغْرِبِ مَا لَمْ يَسْقُطْ ثَوْرُ الشَّفَقِ ، وَوَقْتُ الْعِشَاءِ إِلَى نِصْفِ اللَّيْلِ ، وَوَقْتُ الْفَجْرِ مَا لَمْ تَطْلُعْ الشَّمْسُ )) رواە مسلم " ٦١٢ "

واتە : کاتی نیوەڕۆ ھەتا ئەو کاتەیە کە نوێژی عصر نەھاتووە " واتە بە ھاتنی کاتی عصر کاتی نیوەڕۆ کۆتایی دێت " ، وە کاتی عصر ھەتا ڕۆژ زەرد نەبووە ، وەکاتی مغرب ھەتا سۆراتی نەچووە ، وە کاتی عیشا ھەتا نیوەی شەوە ، وە کاتی بەیانی ھەتا خۆر نەھەڵاتووە .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر نوێژی عیشا دوابخرێت لە کاتی خۆی ئەوە حەڕامە ، بۆ کەس حەڵاڵ نییە نوێژی عیشا و نوێژەکانی تر دوابخات لە کاتی خۆی ، ئەگەر نوێژ دوابخات لە کاتی خۆی بێ عوزر ، ئەوە نوێژی پووچە و قبوول نییە ئەگەر ھەزار جاریش بکاتەوە .

بەڵام سەبارەت بە دواخستنی نوێژی عیشای بۆ کۆتایی کاتەکەی باشترە ، چونکە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت شەوێک دەرچوو بۆ مزگەوت زۆر لە شەو ڕۆیشت بوو ، فەرمووی : " ئەمە کاتەکەیەتی ئەگەر بارگرانی نەبوایا بەسەر ئومەتەکەی من . " ئافرەت ئەگەر لە ماڵەوە سەرقاڵ بێت ، نوێژی عیشا دوابخات بۆ کۆتایی کاتەکەی ئەوە باشترە ، ھەروەھا کۆمەڵە کەسانێک لە شوێنێک بن مزگەوت لەو شوێنە نەبێت ، یان ھەر خۆیان خەلکی مزگەوتن ، ئەوا باشتر وایە دوابخەن ئەگەر بار گرانی نەبێت بۆیان ھەتا سێ یەکی شەو دەڕوات ، کاتی نێوان سێ یەکی شەو و نیوەی شەو باشترین کاتە بۆ نوێژی عیشا ، بەڵام تاخیر کردنەکەی دوای نیوەی شەو حەڕامە ، چونکە کۆتای کاتی نوێژی عیشا نیوەی شەوە .

تاخیر کردن درێژ ناکرێتەوە ھەتا بەیانی ، چونکە فەرموودە ھاتووە لە پێغەمبەرەوە کاتی عیشای ھەتا نیوەی شەوە ، ... )) مجموع فتاوى و رسائل الشيخ محمد صالح العثيمين المجلد الثاني عشر - باب المواقيت.

پوختەی وەڵامی زانایان :

(١) نوێژی عیشا و ھەر نوێژێکی تر نابێت دوای چوونی کات بکرێت ، ھەر کەسێک دوای چوونی کات بکات بێ عوزر تاوانبار دەبێت و نوێژی پووچە .

(٢) کاتی نوێژی عیشای بە لاچوونی سۆراتی دەست پێ دەکات و ھەتا نیوەی شەو کۆتایی دێت .

(٣) باشتر وایە نوێژی عیشا دوابخرێت ، کاتی نێوان سێ یەکی شەو و نیوەی شەو باشترین کاتە بۆ نوێژی عیشا .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام