پرسیار // جنۆکە کاتێک گوێیان لە قورئان بوو گەڕانەوە بۆ لای قەومەکەی خۆیان وتیان : (( قالوا یاقومنا ٳنا سمعنا کتابا ٲنزل من بعد موسی مصدقا لما بین یدیه یهدی ٳلی الحق و ٳلی طریق المستقیم )) الٲحقاف (۳۰) ، واتە : وتیان ئەی گەلەکەمان بێگومان ئێمە گوێمان لە کتابێک بووە دوای موسی دابەزیووە ، بەڕاست دانەری کتێبەکانی پێش خۆیەتی ، وە ڕێنمووی دەکات بۆ حق و ڕێگای ڕاست . پرسیار ئەوەیە بۆچی جنۆکە وتیان گوێمان لە کتێبێک بووە دوای موسی دابەزیووە ؟ بۆچی نەیان وت گوێمان لە کتابێک بووە دوای عیسی دابەزیووە کە گومانی تێدا نییە عیسی دوای موسی هاتووە ؟
وەلام // سەبارەت بەم ئایەتە چوار وەلام هەیە :
یەکەم : هەندێک زانا دەلێن ئەم جنۆکانە باوەڕیان بە موسی هێنا بوو لەبەر ئەوە جنۆکەکان وتیان گوێمان لە کتابێک بووە دوای موسی دابەزیووە .
عطاء ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( کانوا یهودیا فٲسلموا )) ، واتە : جنۆکەکان جولەکە بوون موسلمان بوون باوەڕیان بە قورئان هێنا .
دووەم : هەندێک زانا دەلێن جنۆکە گوێیان لە عیسی نەبووە ، لەبەر ئەوە وتیان گوێمان لە کتابێک بووە دوای موسی دابەزیوە .
ابن عباس خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت : (( ان الجن لم تکن سمعت بٲمر عیسی ، فلذالك قالت : (( ٲنزل من بعد موسی )) ، واتە : جنۆکە گوێیان لە پەیامی عیسی نەبووە ، لەبەر ئەوە وتیان گوێمان لە کتابێک بووە دوای موسی دابەزیوە .
سێیەم : هەندێک زانا دەلێن چونکە تەورات ئەسل بووە ، وە بنچینە و سەرچاوە بووە بۆ حەلال و حەڕام ، بەلام ئینجیل کە بۆ عیسی دابەزیووە ئامۆژگاری و باس کردنی تەقوا و زوهد و ...تێدا بووە ، کەمتر لە تەوڕات حەلال و حەڕامی تێدا بووە ، هەر بۆیە جنۆکە وتیان گوێمان لە کتابێک بووە دوای موسی دابەزیووە .
هەر بۆیە وەرەقەی کوڕی نوفلیش کە گاور بوو سەرەتای دابەزینی وەحی سەبارەت بە جبریل بە پێغەمبەری وت : (( ئەمە جبریلە خوای گەورە بۆ موسای نارد ، خۆزگە من گەنج بواما ئەو کاتەی کە گەلەکەت دەرت دەکەن )) .
عبدالرحمان بن ناصر السعدی ڕەحمەتی خوای لێ بێت لە تەفسیری ئەم ئایەتە دەفەرمووێت : (( چونکە کتابی موسی بنچینە بووە بۆ ئینجیل ، وە کۆلەکە بووە بۆ بنی ئیسرائیلیەکان بۆ حەلال و حەڕام ، ئینجیل تەواو کەری تەوڕات بوو وە هەندێک ئەحکامی گۆڕیووە ))
چوارەم : هەندێک زانا دەلێن چونکە ئەهلی کتاب هەموو یەک دەنگ بوون لەسەر تەوڕات ، بەلام لەسەر ئینجیل یەک دەنگ نەبوون ، جولەکە باوەڕیان بە پەیامی عیسی نەبوو ، بەلام گاورەکان باوەڕیان بە پەیامی موسی هەبوو کە وتەی وەرقەی کوڕی نوفل ڕوون و ئاشکرایە باوەڕیان بە پەیامی موسی هەبووە .
وتەی ڕاست وتەی ابن کثیر ، ابن عاشور ، عبدالرحمان بن ناصر السعدییه ، کە تەوڕات بنچینە و کۆلەکە بووە ، ئینجیل تەواوکەری تەوڕات بووە لەبەر ئەوە باسی موسی کراوە نەک عیسی ، واللە ٲعلم .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ