پرسیار // حوکمی مەولود کردن ؟
وەڵام // زانایان دەڵێن مەولود کردن داھێنراوێکە لە داھێنراوەکان ، ئەگەر خێر و چاکە بوایا پێشینەکان دەیان کرد .
زانایان دەڵێن پرسیار لەوانە دەکەین کە مەولود دەکەن : ئایا مەولود پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت کردوویەتی یان نە ؟
بۆ وەڵام ئەم پرسیارە دوو وەڵام ھەیە :
یەکەم : یان دەڵێن بەڵێ کردوویەتی ، ئەگەر وا بڵێن دەڵێین گومانی تێدا نییە درۆیەکی ڕوون و ئاشکرایە ، چونکە ھیچ بەڵگە نەھاتوون .
دووەم : یان دەڵێن نەخێر نەی کردووە ، دەڵێین بۆچی پێغەمبەر نەیکردووە ؟ پێغەمبەر زانیوویەتی کە مەولوود خێرە یان نە ؟
دوو وەڵام ھەیە بۆ ئەم پرسیارە :
یەکەم : یان دەڵێن نەخێر پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت نەی زانیووە کە مەولود خێرە ، دەڵێین پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت نەی زانیووە خێرە تۆ زانیووتە ؟!
دووەم : یان دەڵێن بەڵێ پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت زانیوویەتی ، دەڵێین ئەی بۆچی بە ئومەتی خۆی نە گووت کە مەولود خێرە ؟! ئایا پێغەمبەر سەلامی خوا لێ بێت خیانەتی کردووە پەنا بەخوا ؟ ئایا ھەموو دینی نەگەیاند ؟!
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( یەکەم : شەوی مەولودی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت زانراو نییە بە شێوەی بڕاوە ، بەلکو ھەندێک زانای سەردەم دەڵێن شەوی نۆی " ربیع الأول " ە ، نەک شەوی دوازدە ، ئەو کات یادی مەولود کردن لە دوازدەی ربیع الأول لە ڕووی مێژووەوە ھیچ ئەسڵ و ئەساس بۆی نییە .
دووەم : لەڕووی شەرعەوە یادی مەولود کردن ھیچ ئەسڵی نییە ، ئەگەر شەرعی خوا بوایا پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت بە کردەوە دەیکرد ، یان بە ئومەتی خۆی دەگەیاند ، ئەگەر کردبوایا یان گەیاندبوایا ئەوا نقل دەکرا و فەرموودە لەسەری دەھات و پارێزراو دەبوو ، چونکە خوای گەورە دەفەرمووێت : " إنا نحن نزلنا الذكر وإنا له لحافظون " ھیچ شتێک لەسەری نەھاتووە بەوە دەزانرێت کە دینی خوا نییە ، ئەگەر دین خوا نەبێت نابێت بکەیت بە عیبادەت و لەخوا نزیک بیت پێی ، .... ))
ئەوەی گرینگ بێت موسلمان برایەتی لەنێوان خۆیان بپارێزن ، لەسەر مەولود کە شتێکی داھێنراویشە فیتنەی گەورە نەکەوێتە نێوانیان ، چونکە ھەردوو لا مەبەستیان خوایە ، ئەوەی مەولود دەکات بۆ خوا دەکات و لە خۆشەویستی پێغەمبەر دەکات ، ئەوەی مەولودیش ناکات لەبەر خوا نایکات و لەبەر خۆشەویستی پێغەمبەر نایکات ، چونکە خۆشەویستی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت بە شوێن کەوتنە نەک پێش کەوتن .
موسلمان ئەگەر شوێن قورئان و سونەت بکەوێت بەسە بۆی ، پێویست ناکات شوێن بیدعە بکەوێت یان شوێن شتێک بکەوێت گومانی لەسەرە ، ھەروەک یەکێک لە ھاوەڵان دەڵێت : " شوێن قورئان و سونەت بکەون و شت دامەھێنن ، چونکە ئەمە بەسە . " ، موسڵمانیش ئەگەر شوێن قورئان و سونەت بکەوێت و خۆی تووشی بیدعە و گومان نەکات باشترە بۆی ، بۆچی کردەوەیەک دەکەیت قبول نابێت چونکە بیدعەیە یان گومانی لە قبول بوونی دا ھەیە ؟! بۆچی کردەوەیەک ناکەیت دڵنیای لێی کە دینە و قورئان یان سونەت لەسەری ھاتووە و باسی کردووە ؟! .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ