پرسیار // حوکمی نوێژ کردن بەدوای ئیمامێک نووشتە دروست دەکات ؟
وەڵام // زانایان دەڵێن ئەو کەسەی نووشتە دروست دەکات دوو حالەتە :
حالەتی یەکەم : ئەگەر ئەو نووشتەی دروست دەکات و دەنووسێت شیرکی تێدا بێت ، وەک داواکردن لە جن و فریشتە و پیاو چاک یان بانگەشەی علمی غەیب بکات ، ئەمەیان کوفری گەورەیە و نابێت نوێژی بەدوای بکەیت .
حالەتی دووەم : ئەگەر ئەو نووشتەی دروست دەکات و دەنووسێت قورئان بێت ، ئەمەیان جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان وتەی ڕاست ئەوەیە کە دروست نییە ، بەڵام شیرک نییە ، وە دروستە نوێژی بەدوای بکەیت .
زانایانی اللجنە الدائمە دەڵێن : (( دروستە نوێژ بەدوای کەسێک بکەیت نووشتە دروست دەکات لە قورئان و دوعا و زیکری ڕێگەپێدراو ، نابێت نووشتە بنووسێت چونکە ھەڵواسینی دروست نییە ، بەڵام ئەگەر نووشتەیەک شیرکی تێدا بێت دروست نییە ، نابێت نوێژ بەدوای ئەو کەسە بکەیت کە دروستی دەکات ، دەبێت بۆی ڕوون بکەیتەوە کە ئەمە شیرکە ، ئەوەی لەسەری واجبە ڕوون بکاتەوە ئەو کەسەیە کە دەزانێت . )) "فتاوى اللجنة الدائمة" (3/65) .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ