پرسیار // حوکمی پێش نوێژی کردنی کەسێک نازانێت پیتی ضاد دەرببڕێت ؟ ئایا نوێژی دروستە ؟
وەڵام // زانایان دەڵێن گومانی تێدا نییە ئەو کەسە لەپێشترە بۆ پێش نوێژی کردن کە خوێندنەوە جوانە و پیتەکان بە جوانی دەردەبڕێت ، بەڵام کەسێک ناتوانێت پیتی ضاد دەربڕێت لەبەر گرانی ، دەیگۆڕێت بۆ زا یان ظا ، ئەمەیان ھیچی لەسەر نییە و نوێژەکەی دروستە ، بەڵگە :
خوای گەورە دەفەرمووێت : (( لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا )) [ البقرة : 286 ] .
زانایانی اللجنە الدائمە دەڵێن : (( ھەر کەسێک توانای ھەبێت پیتی ضاد دەرببڕێت لە مەخرەجی خۆی ئەوا واجبە لەسەری ، ھەر کەسێک نەتوانێت پیتی ضاد دەرببڕێت یان پیتەکانی تر ، ئەوا عوزری ھەیە و نوێژی دروستە ، پێش نوێژی ناکات بۆ کەس ئیلا بۆ کەسانی وەک خۆی یان خوارووی خۆی ، بەڵام بۆ ضاد و ظا چاو پۆشی کراوە لەبەر نزیکی مەخرەجیان و گرانی لێک جیاکردنەوەیان ، ھەروەک زانایان دەقیان ھەیە . )) " فتاوى اللجنة الدائمة للإفتاء " (4/25) "
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بێجگە لەم حالەتە نەبێت " واتە : اقتداء کردن بە ئیمامێک پیتێک دەگۆڕێت بە پیتێکی تر " گۆڕینی پیتی الضَّادِ بە ظاء ، چونکە ئەمەیان چاو پۆشی کراوە لەسەر وتەی ڕاست و وتەی ئیمام ئەحمەد ، لەبەر شاراوەی جیاوازی نێوانیان ، بەتایبەتی ئەگەر عەوام بێت ، ... )) "الشرح الممتع" (4/247) .
ئەوەی گرینگ بێت موسلمان زیادەڕەوی نەکات لە تەجوید و سنور نەبەزێنێت ، وە بزانێت خوای گەورە دروست نەکردووە تەنھا بۆ تەجوید ، وە بزانێت مەبەستی سەرەکی لە قورئان چییە ، تەجویدە یان تێگەیشتنی قورئان و کردەوە پێ کردن و خشوعە ؟! چەندین موسلمان ئەوەندە گرینگی بە تەجوید دەدەن ئەوەندە گرینگی بە تەوحید و فیربوونی حەڵاڵ و حەڕام نادەن .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ