سەردێری پرسیار:حوکمی وەرگرتنی خواردن و شیرینی لە ڕۆژی لەدایک بوونی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت ؟

بەرواری دانان :2018-11-18 کۆدی پرسیار:840

پرسیار:

پرسیار // حوکمی وەرگرتنی خواردن و شیرینی لە ڕۆژی لەدایک بوونی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام // زانایان دەڵێن یادی لەدایک بوونی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت داھێنراوە ، وە ئەسڵیش وایە خواردن و خواردنەوەش حەڵاڵە ئیلا بەڵگە ھاتبێت بۆ حەڕامی .

خواردن ئەگەر گۆشتی ئاژەڵ بێت یان ئاژەڵ سەر بڕین بێت ، ئەم دوو حالەتەیە :

حالەتی یەکەم : ئەگەر مەبەست لە سەر بڕین نزیک بوونەوە بێت لە بێجگە لە خوا ، جا چ بۆ پێغەمبەر بێت یان کەسی تر ، ئەمەیان شیرکە و حەڕامە گۆشتی ئەو ئاژەڵە بخۆیت .

حالەتی دووەم : ئەگەر مەبەست لە سەر بڕین تەنھا خوا بێت ، ناوی خوای لەسەر ھێنا بێت کاتی سەر بڕین ، وە بەسەر ھەژارەکان دا دابەش دەکات ، ئەمەیان داھێنراوە ، بەڵام خودی گۆشتەکە حەڕام نییە ، چونکە بۆ بێجگە لەخوا سەر نەبڕاوە و ئەسڵ وایە حەڵاڵە ، بەڵام دەبێت ئینکاری خراپە بکرێت و بەژدار نەبن لەگەڵی .

سەبارەت بە خواردنی تر بێجگە لە ئاژەڵ ، وەک شیرینی و کێک و ..... ، ئەسڵ وایە حەڵاڵن ، بەڵام دەبێت بە کردەوە ئینکاری بیدعە بکات ، چونکە وەرگرتن نیشانەی قبول کردن و بێ دەنگ بوونە لەسەر بیدعە .

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەو ئاژەڵەی سەر دەبڕدرێت لە ڕۆژی لە دایک بوون ئەگەر بۆ کەسەکە بێت ، ئەمە شیرکی گەورەیە ، بەڵام ئەگەر ئاژەڵەکە بۆ خواردن بێت ، ئەمەیان ھیچی تێدا نییە ، بەڵام دەبێت لێی نەخوات ، وە موسلمان ئامادەی نەبێت وەک ئینکاری کردن بە وتە و کردەوە ، ئیلا ئەگەر ئامادە بێت بۆ ئامۆژگاری کردن ، بێ ئەوەی بەژدار بێت لەگەڵیان بۆ خواردن و شتی تر . )) "مجموع الفتاوى" (9/74) .

زانایان دەڵێن ڕەتکردنەوەی خواردن یان وەرنەگرتن دەبێت بەجوانترین شێوە بێت و خەلک ھۆشیار بکرێتەوە لەم داھێنراوە و ئامۆژگاری بکرێت ، نەک فیتنە دروست بکەیت برایەتی تێک بدەیت ، وە بەھیچ شێوەیەک نابێت خواردن یان گۆشت فڕێی بدەیت ، چونکە خودی خواردنەکە حەڕام نییە ، بەلکو لەبەر ئەوە خواردن وەرناگرین چونکە داھێنراوە ، وە وەرنەگرتنی خواردن ئینکاری کردن و ڕازی نەبوونە بەو کردەوەیە .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام