سەردێری پرسیار:ئیمام لەکوێ دەوەستێت ئەگەر نوێژ لەسەر کۆمەلێک مردووی ژن و پیاو بکات ؟

بەرواری دانان :2018-11-21 کۆدی پرسیار:849

پرسیار:

پرسیار // ئیمام لەکوێ دەوەستێت ئەگەر نوێژ لەسەر کۆمەلێک مردووی ژن و پیاو بکات ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام // زانایان دەڵێن ئەگەر مردووکان دوو بوون یان زیاتر سونەت وایە یەک نوێژ لەسەر ھەمووان بکرێت پێکەوە .

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سونەتە ھەردوو مردووەکان کۆ بکەیتەوە و نوێژ لەسەریان بکەیت یەک نوێژ ، چونکە ئەمە خێراترە بۆ زوو شاردنەوە ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : " پەلە بکەن لە جەنازە " ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت نوێژی لەسەر کۆمەڵێک جەنازە کردووە ، سونەتە ژن و پیاوێک یان دوو ژن و دوو پیاو یان زیاتر پێکەوە نوێژیان لەسەر بکەیت ، ئەگەر دوو پیاو بن دەڵێیت : اللھم اغفر لھما وارحمھما ، ئافرەتیش بە ھەمان شێوە ، ئەگەر کۆمەڵێک بن دەڵێیت : اللھم اغفر لھم وارحمھم ، وعافهم واعف عنهم.. إلى آخره، ويدعو لهم. )) مجموعە الفتاوی .

سەبارەت بە شوێنی وەستان بۆ نوێژ کردن ئەم چوار حالەتانەن :

حالەتی یەکەم : ئەگەر مردووەکان تەنھا پیاو بوون ، ئەوا ڕیز دەکرێن و بەرامبەر سەریان دەوەستیت بۆ نوێژ کردن .

حالەتی دووەم : ئەگەر مردووەکان تەنھا ئافرەت بوون ، ئەوا ڕیز دەکڕێن و لە ناوەڕاستیان دەوەستیت بۆ نوێژ کردن .

حالەتی سێیەم : ئەگەر مردووەکان ژن و پیاو بوون ، ئەوا ڕیز دەکرێن یەکەم جار پیاوەکان پاشان ژنەکان ، ناوەڕاستی ئافرەت دەبێت بەرامبەر سەری پیاو بێت بۆ نوێژ کردن .

حالەتی چوارەم : ئەگەر مردووەکان ژن و پیاو و مناڵ بن ، ئەوا ڕیز دەکرێن یەکەم جار پیاو ، پاشان مناڵی کوڕ ، پاشان ئافرەت ، پاشان مناڵی کچ ، سەری مناڵی کوڕ دەبێت بەرامبەر سەری پیاو بێت ، وە ناوەڕاستی ئافرەت و مناڵی كچ بەرامبەر سەری پیاو و مناڵە كوڕەكە بن .

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئیمام دەوەستێت لە لای سەری جەنازەی پیاو و ناوەڕاستی ئافرەت ، ئەگەر جەنازەکان زۆر بوون پیاو لە پێشەوە دادەنرێت ، پاشان مناڵی نێرینە ، پاشان ئافرەت ، پاشان کچی بچووک ، وە نوێژ دەکات لەسەر ھەمووان پێکەوە ، سەری مناڵ بەرامبەر سەری پیاو دادەنرێت ، وە ناوەڕاستی ئافرەتیش بەرامبەر سەری پیاو دادەنرێت ، وە کچی بچووکیش بە ھەمان شێوە ، وەک کردەوە کردن بە فەرموودە . )) مجموع فتاوى و رسائل الشيخ عبدالعزيز بن عبدالله بن باز - المجلد الثالث عشر.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام