پرسیار // کەسێک تووشی لەشگرانی بووە یان بێ دەست نوێژ ، بەڵام نەخۆشە ناتوانێ زۆر جوولە بکات ، ئایا دەتوانێ تەیەمووم بکات ؟
وەڵام // زانایان دەڵێن ھەر وکەسێک نەخۆش بێت و نەتوانێ جوولە بکات ئەم دوو حالەتەیە :
حالەتی یەکەم : ئەگەر کەس نەبوو ئاوی بۆ بھێنێت ، ئەوە عوزری ھەیە و تەیەمووم دەکات .
حالەتی دووەم : ئەگەر کەسێک ھەبوو ئاوی بۆ بھێنێت ، لەم حالەتە دوو ئەگەر ھەیە :
(١) یان ئاوی بۆ دەھێنێت ھێشتا کاتی نوێژ ماوە ، لەم حالەتە دەبێت دەست نوێژ بە ئاو بشوات نەک تەیەموم .
(٢) یان ئاوی بۆ دەھێنێت دوای کاتی نوێژ ، لەم حالەتە تەیەمووم دەکات پێش ئەوەی کاتی نوێژ بڕوات .
زانایان دەڵێن کەسێک نەخۆشە و دەزانێت کەسێکی تر ئاوی بۆ دەھێنێت ، ئەم سێ ئەگەرە ھەیە :
(١) ئەگەر دڵنیا بوو ئەو کەسەی ئاوی بۆ دەھێنێت لە کاتی نوێژ دەھێنێت ، واتە ھێشتا کاتی نوێژ ماوە و نەچووە ، لەم حالەتە دەبێت چاوەڕێ بکات و نابێت تەیەمووم بکات .
(٢) ئەگەر دڵنیا بوو ئەو کەسەی ئاوی بۆ دەھێنێت لە دوای کاتی نوێژ دەھێنێت ، واتە کاتی نوێژ دەڕوات ، لەم حالەتە دەبێت تەیەمووم بکات و نابێت نوێژی بڕوات .
(٣) ئەگەر بە گومان بوو یان نازانێت لە چ کاتێک دا ئاوی بۆ دەھێنێت ، لەم حالەتە چاوەڕێ دەکات ، ئەگەر کاتی چوونی نوێژ نزیک بوو ئاوی نەھێنا ، ئەو کات تەیەمووم دەکات و نوێژ دەکات ھێشتا کاتی نوێژ نەچووە .
ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەر کەسێک نەخۆش بێت و نەتوانێ جوولە بکات ، وە کەس نەبێت ئاوی پێ بدات ، ئەوا وەک ئەو کەسە وایە ئاوی دەست نەکەوتووە ، چونکە ھیچ ڕێگای نییە بۆ دەست کەوتنی ئاو ، تەشبیھ کراوە " واتە چوێندراوە " بەو کەسەی بیرێکی ئاوی دەست دەکەوێ بەڵام کەس نییە ئاوی پێ بدات و بۆی دەربھێنێ .
ئەگەر کەسێک ھەبێت ئاوی پێ بدات پێش ئەوەی کاتی نوێژ بڕوات ، ئەوە وەک ئەوە وایە ئاوی دەست کەوتبێت ، چونکە وەک ئەو کەسە وایە ئاوی دەست بکەوێ لە کات دا .
ئەگەر بترسێ لە چوونی کاتی نوێژ پێش ھاتنی ئەو کەسەی ئاوی بۆ دەھێنێ ، ابن موسی دەڵێت : تەیەموم دەکات و نوێژ دووبارە ناکاتەوە .
ئەمە وتەی حەسەنیشە ، چونکە دەست نەکەوتنی ئاو لەکاتی نوێژ وەک ئەوەیە ئاوی دەست نەکەوتبێ . )) "المغني" (1/151) .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net