پرسیار // تەمەنی واجب بوونی نوێژ بۆ کوڕ و کچ چ تەمەنێکە ؟
وەڵام // زانایان دەڵێن ھەر کاتێک کوڕ و کچ باڵغ بوون ، ئەوە واجبە لەسەریان نوێژ و ڕۆژوو و عیبادەتەکانی تر بکەن ، نیشانەکانی باڵغ بوون ئەم سێ نیشانەن :
یەکەم : تووشی احتلام بوون : ھەر کاتێک کوڕ یان کچ مەنی لێی دەرچوو جا چ لەخەودا بێت یان بەئاگا بێت ئەوە باڵغ بووە ، وە کچ ئەگەر تووشی حەیز بوو ئەوە بالغ بووە ، ئەم دوو نیشانەیە ھەموو زانایان یەک دەنگن لەسەری .
دووەم : ھاتنی مووی خوارەوە : جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان ئایا ھاتنی موو نیشانەیەکە لە نیشانەکانی باڵغ بوون یان نە ، دوو وتە ھەیە :
(١) ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون کە ھاتنی مووی ژێرەوە نیشانەیەکە لە نیشانەکانی بالغ بوون ، کە ئەمە وتەی مالک و وتەیەکە لە وتەکانی شافعی و وتەی بەناوبانگی ئەحمەد و ابن حزم ، بەڵگە :
(أ) ھاوەڵان سەیری مووی ژیرەوەی بنی قریظەیان دەکرد ، ئەگەر مووی ھەبوایا دەیان کوشت ، ئەگەر نا وازیان لێ دەھێنا ،
(٢) ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون کە ھاتنی مووی ژێرەوە نیشانەی بالغ بوون نییە ، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و وتەیەکە لە وتەکانی مالک و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد ، بەڵگە :
(أ) ھیچ بەڵگەی ڕوون نەھاتوون کە موو نیشانەی بالغ بوون بێت .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دانەری کتاب لەبەر ئەوە ئەم فەرموودەی ھێناوەتەوە لەم بابە : بالغ بوون بەدەست دێت بەبھاتنی مووی خوارەوە ، بەڵام زانایان دەڵێن بە مەرج موو ھاتنەکە بەڕێگای عیلاج نەبێت ، ..... )) فتح ذي الجلال والإكرام ج٩ لاپەڕە ٥١٢ - ٥١٣
سێیەم : تەمەن : سەبارەت بە دیار کردنی تەمەن بۆ بالغ بوون جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان ، دوو وتە ھەیە :
(١) ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون کە تەمەنی پازدە ساڵ تەمەنی بالغ بوونە ، کە ئەمە وتەی شافعی و ئەحمەد و وتەیەکە لە وتەکانی ئەبو حەنیفە و ئەوزاعی یە ، بەڵگە :
(أ) ابن عمر خوا لێی ڕازی بێت دەڵێت : منیان پیشانی پێغەمبەر دا ڕۆژی ئوحود ، من مناڵێك بووم تەمەنم ١٤ ساڵ بوو ، ئیجازەی نەدا پێم بۆ جەنگ کردن ، وە ڕۆژی خەندەق منیان پیشانی دا تەمەنم ١٥ ساڵ بوو ، ئیجازەی دا پێم .
(٢) ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون کە بالغ بوون ھیچ تەمەنی دیار کراوی نییە ، ئیلا بە احتلام ، کە ئەمە وتەی داود الظاهری و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و وتەی مالک و ابن قیمە ، بەڵگە :
(أ) پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( قەلەم ھەڵگیراوە لەسەر سێ کەس : لەسەر مناڵ ھەتا تووشی احتلام دەبێت ، ..... )) .
لەم فەرموودەیە نیشانەی بالغ بوونی باس کردووە کە تووش بوونە بە احتلام نەک تەمەن دیار کردن .
وتەی ڕاست بالغ بوون تەمەنی دیار کراوی نییە ، فەرموودەی ابن عمر نابێتە بەڵگە ، چونکە :
(١) پێغەمبەر سەیری توانای کردووە بۆ جەنگ کردن نەک تەمەن .
(٢) تەمەنی ابن عمر زیاتر بووە لە پازدە ساڵ ، چونكە دووی ساڵی تەواو ھەبووە لە نێوان ئوحود و خەندەق .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net