سەردێری پرسیار: ئایا دروستە ئافرەت لەگەڵ بێگانە دابنیشێت مناڵی بچووکی ئامادە بێت ، ئایا بە خەلوەت حساب دەکرێت ؟

بەرواری دانان :2018-12-20 کۆدی پرسیار:920

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە ئافرەت لەگەڵ بێگانە دابنیشێت مناڵی بچووکی ئامادە بێت ، ئایا بە خەلوەت حساب دەکرێت ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام // زانایان دەڵێن دەبێت مناڵ بگاتە تەمەنێک شت لێک جیا بکاتەوە و ڕێزی بگیرێت ، ئەو کات بە ئامادە بوونی لەگەڵ دایکی و پیاوی بێگانە خەلوەت لادەچێت ، وە تەمەنی تێگەیشتن و شت لێک جیاکردنەوە جیاوازە لە مناڵێک بۆ مناڵێکی تر ، بەزۆری تەمەنی شەش ساڵ یان حەوت ساڵ بەرەو سەرەوەیە .

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیار لێی کراوە : حوکمی دانیشتنی من لەگەڵ برای ھاوسەرم چییە مناڵەکانم ئامادەن ؟

لە وەڵام دا دەفەرمووێت : (( بۆت نییە دابنیشی لەگەڵ برای ھاوسەری خۆت لەگەڵ مناڵەکان ، چونکە ئەمە خەلوەتە ، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : " لا يخلون رجلٌ بامرأة فإن الشيطان ثالثهما " .

بەڵام ئەگەر مناڵەكان گەیشتبنە تەمەنێک شت لێک جیا بکەنەوە و ڕێزیان لێ بگیرێت ، ئەوە خەلوەت لادەچێت ، کوڕ حەوت ساڵ بێت یان ھەشت ساڵ یان دە ساڵ .

بەڵام مناڵی بچووکی کەمتر لە حەوت ساڵ ، ئامادە بوونی سوودی نییە ، نابێتە ڕێگر بۆ خەلوەت " واتە خەلوەت لانادات " ، دەبێت ئیلا مناڵ حەوت ساڵ بەسەرەوە بێت ، ئەو کات لاچوونی خەلوەت دێتەدی . ))

مرداوی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە تەمەنی شت لێک جیاکردنەوەی مناڵ ، ھەندێک زانا دەڵێن : حەوت ساڵی یە ، وە ھەندێكی تر دەڵێن شەش ساڵی یە :

ابن أبی الفتح لە المطلع دەفەرمووێت : ئەو تەمەنە ضبط ناکرێ ، بەڵکو جیاوازە بەگوێرەی تێگەیشتنی مناڵەكان ، ..... )) الإنصاف (3/19) .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام