سەردێری پرسیار: حوکمی لەدەست کردنی ئەلقە کاتی ژن مارە کردن ؟

بەرواری دانان :2018-12-23 کۆدی پرسیار:934

پرسیار:

پرسیار // حوکمی لەدەست کردنی ئەلقە کاتی ژن مارە کردن ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام // زانایان دەڵێن لە پەنجە کردنی ئەلقە کاتی مارە کردن ئافرەت عادەتێکە لە گاورەکان وەرگیراوە ، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت وە ھاوەڵان و پێشینەکان ئەمەیان نەکردووە وەک نیشانە بۆ ژن ھێنان ، ئەلقە لەپەنجە کردن ئەم دوو حالەتەیە :

حالەتی یەکەم : ئەگەر باوەڕیان وابێت ئەم ئەلقە ھۆکارە بۆ پێکەوە ژیان و زیاد بوونی خۆشەویستی نێوانیان و لێک جیا نەبوونەوەیان ، ئەوە جۆرێکە لە جۆرەکانی شیرک و حەڕامە .

حالەتی دووەم : ئەگەر بیروباوەڕی پاک بێت و ھیچ مەبەستی نییە ئیلا وەک عادەتێک دەیکات ، لەم حالەتە دەڵێن باش نییە .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( الدبلة : عیبارەیە بۆ خاتەمی پیاو بە خێزانی خۆی دەدات ، خەڵک ھەیە لە دەستی خێزانی دەکات ئەگەر ویستی ژن مارە بکات یان ئەگەر مارەی کرد ، ئەم عادەتە زانراو نەبووە لا ئێمە پێشتر ، شێخ ئەلبانی باسی دەکات عادەتی گاورەکان بووە ، قسیس ژن و پیاو لای ئامادە دەبن ئافرەت لە پەنجەی خنصر و بنصر و ناوەندە دەکات ، چۆنییەتییەکەی نازانم بەڵام دەڵێت : ئەمە لە گاورەکان وەرگیراوە ، گومانی تێدا نییە تەرک کردنی باشترە ، بۆ ئەوەی خۆمان نەچوێنین بە کەسانی تر ، زیاتر لەمە ھەندێک خەڵک بیروباوەڕیان لەگەڵ ئەم ئەلقەیە ھەیە ، پیاو ناوی خۆی دەنووسێت لەسەر ئەو خاتەمەی دەیەوێت بدات بە خێزانەکەی ، وە ئافرەتیش ناوی خۆی دەنووسێت لەسەر ئەو خاتەمەی کە ھاوسەرەکەی لە دەستی دەکات ، باوەڕیان وایە مادەم ئەم ئەلقەیە لە دەستی ژن و پیاوەکەیە و ناوی ژن و پیاوەکەی لەسەرە ، ئەوە لێک جیابوونەوە نییە لەنێوانیان ، ئەم بیروباوەڕە جۆرێکە لە شیرک ، لە تیوەلەیە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ژن و پیاو لای یەکتر خۆشەویست دەکرێن ، بەم بیروباوەڕە حەڕامە ، کەواتە ئەم ئەلقە دوو شتی تێدایە :

یەکەم : شتێکە لە گاورەکان وەرگیراوە .

دووەم : ئەگەر پیاو بیروباوەڕی وابێت ئەمە ھۆکاری بەستنەوەی خۆی و خێزانەکەیەتی ، ئەوە جۆرێکە لە جۆرەکانی شیرک ، لەبەر ئەوە ئێمە وای دەبینین باش نییە . )) "اللقاء الشهري" (46/1) .

ھەروەھا دەفەرمووێت : (( ئەوەی من دەیبینم ئەم ئەلقە لەدەست کردنە کەمترین حالەت ئەوەیە بڵێیت باش نییە ، چونکە لە بێجگە لە موسلمانان وەرگیراوە ، بە ھەر حال موسلمان دەبێت نەفسی خۆی بەرز دابنێت لە شوێن کەوتنی کەسانی تر لەم حالەتە ، .... )) "مجموع الفتاوى" (18/112) .

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەو ئەلقەی ئەم ئافرەتە پرسیاری کردووە نەمان زانیووە ئەصلی ھەبێت ، ئەوەی دیار بێت خۆ چوواندنە بە کافرەکان ، چونکە عاداتی ئەوانە ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە نابێت بیکەین ، ئیشارەت کردن بۆ زەواج بە داواکردن و ڕێک کەوتنی داواکار و داواکراو دەبێت ، ئەمە بەسە پێویستی بە ئەلقە نییە ، کەی عەقدی شەرعی تەواو بوو ھەموو شتێک کۆتایی ھات ، سەبارەت بە ئەلقە پێویست ناکات ، وە پێویست ناکات خۆت بچووێنی بە دوژمنەکانی خوا ، نە گاورەکان و نە کەسانی تر ، واجبە خۆت بەدوور بگریت لە دوژمنەکانی خوا لە ھەموو شتێک . )) نور علی الدرب .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام