پرسیار : ئایا بە ڕشانەوە دەست نوێژ دەشکێت ؟
وەڵام : جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە ڕشانەوە ئایا دەست نوێژ دەشکێت یان نە ، دوو وتە ھەیە :
یەکەم : ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ڕشانەوە دەست نوێژ دەشکێنێت ، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و ئەحمەدە ، بەڵام ئیمام ئەحمەد دەڵێت مەرج بۆ شکانی دەست نوێژ دەبێت ڕشانەوەکە زۆر بێت .
دووەم : ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ڕشانەوە دەست نوێژ ناشکێنێت ، کە ئەمە وتەی مالک و شافعی و چەند زانای ترە .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەو شتانەی بێجگە لە پێش و پاشەوە دەردەچن دەست نوێژ ناشکێنن کەم بێت یان زۆر بێت ئیلا میز و پیسایی ، چونکە ئەصل وایە دەست نوێژ ناشکێت ، ھەر کەسێک پێچەوانەی ئەصل بکات لەسەریەتی بەڵگە بھێنێتەوە ، پاک و خاوێنی جێگیر بووە بە بەڵگەی شەرعی ، ئەوەی جێگیر بووە بە بەڵگەی شەرعی ناکرێت لابچێت ئیلا بە بەڵگەی شەرعی نەبێت ، ئێمە دەری ناچووێنین لەوەی بەڵگەی کتاب و سونەتی پێغەمبەری خوای لەسەر بێت ، چونکە ئێمە عیبادەت دەکەین بە شەرعی خوا نەک بە ھەواو ئارەزوو خۆمان ، ناکرێت ئێمە بەندەکانی خوا پابەند بکەین بە دەست نوێژ گرتن کە لەسەری واجب نییە ، وە ناکرێت دەست نوێژی لەسەر لابدەین .
ئەگەر یەکێک بڵێت : فەرموودە ھاتووە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت ڕشاوەتەوە و دەست نوێژی گرتووە .
ئێمە دەڵێین : ئەم فەرموودەیە زۆربەی زانایان لاوازیان کردووە ، پاشان دەڵێین : ئەمەیان تەنھا کردەوەیە ، تەنھا کردەوەیە نابێتە بەڵگە لەسەر واجبی ، چونکە بەتالە لە فەرمان " واتە فەرمانی تێدا نییە " ، پاشان پێچەوانەی فەرموودەی تر ئەگەر چی لاوازیشە ، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت کەلەشاخی کردووە و نوێژی کردووە و دەست نوێژی ھەلنەگرتووە ، ئەمە بەڵگەیە دەست نوێژ گرتن لە ڕشانەوە بۆ واجبی نییە .
ئەم وتەیە وتەی ڕاستە ، ئەوەی دەردەچێت لە ئەندامەکانی تری لاشە دەست نوێژ ناشکێنێت ئەگەر چی زۆریش بێت ، ئیلا ئەگەر میز بێت یان پیسایی ، وەک ئەوەی شوێنێک دەکرێتەوە لە لاشە بۆ دەرچوونیان ئەوە دەست نوێژ بە دەرچوونی ھەردووکیان دەشکێت . )) "مجموع فتاوى ابن عثيمين" (11/198) .
عبداللە بن عبدالرحمان ال بسام خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە دەرچوونی شتی پیس بێجگە لە پێش و پاشەوە ، بێجگە لە میز و پیسایی ، وەک ڕشانەوە و خوێن و کێم و شتی تری وەک ئەمانە ئایا بە دەرچوونیان دەست نوێژ دەشکێت یان نە ؟
یەکەم : ئیمام مالک و شافعی بۆ ئەوە چوون دەرچوونی ئەم شتانە و ھاوشێوەی ئەمانە دەست نوێژ ناشکێنن ئەگەر چی زۆریش بێت .
بەغەوی دەفەرمووێت : ئەمە وتەی زۆربەی ھاوەڵان و تابعیەکانە .
النووی دەفەرمووێت : ھەرگیز جێگیر نەبووە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەست نوێژی واجب کردبێت بۆ ئەمانە .
شیخ تقی الدین دەفەرمووێت : خوێن و ڕشانەوە و بێجگە لەم دووانە پیساییەکانی تر کە دەردەچن دەست نوێژ ناشکێنن ئەگەر چی زۆریش بێت .
عبدالرحمان السعدی دەفەرمووێت : وتەی ڕاست خوێن و ڕشانەوە و شتی تری وەک ئەم دووانە دەست نوێژ ناشکێنن ، کەم و زۆریان ، چونکە ھیچ بەڵگەی شەرعی نەھاتووە بۆ دەست نوێژ شکانیان ، وە ئەصل وایە دەست نوێژ ماوە .
ئەمانە بەڵگەیان ئەمەیە :
(١) البراءة الأصلية : ئەصل وایە دەست نوێژی ھەیە و دەست نوێژی ماوە ھەتا بەڵگە جێگیر دەبێت دژی ، ئەوانەی دەڵێن دەست نوێژ دەشکێت ھیچ بەڵگەیان نییە .
(٢) نەبوونی صلاحیەتی قیاس لێرە ، چونکە عیلەتی حوکمیان یەک نییە .
(٣) نقل کردنی چەندین آثار لەوانە :
(أ) نوێژی عمر بن خطاب و برینەکەی خوێنی لێ دەردەچوو .
(ب) ابن عمر خوێنی لە دوو چاوەکانی دەھات و نوێژی دەکرد و دەست نوێژی ھەلنەدەگرت .
(ج) حەسەنی بەصری دەفەرمووێت : بەردەوام موسلمانان نوێژیان دەکرد بە برینەکانەوە .
دووەم : ئیمام ئەبو حەنیفە و ئەحمەد بۆ ئەوە چوون دەرچوونی ئەم شتانە دەست نوێژ دەشکێنێت ئەگەر زۆر بێت ، دەست نوێژ ناشکێنێت ئەگەر کەم بێت ، بەڵگە بۆ وتەیان :
(١) رواە أحمد (٢٦٩٨٩) ، والترمذي (٨٧) من حديث أبي الدرداء ، أنه صلى الله عليه وسلم قاء فتوضأ ، قال الألباني ورجاله ثقات .
واتە : پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت ڕشاوە و دەست نوێژی ھەڵگرت .
مەزھەبی یەکەم وەڵامیان دەدەنەوە : کردەوە نابێتە بەڵگە لەسەر واجبی ، مەبەستەکەی بەڵگەیە لەسەر شوێن کەوتنی وەک سونەت نەک واجب .
ابن تیمییە دەفەرمووێت : سونەتە دەست نوێژ بگریتەوە بۆ کەلەشاخ و ڕشانەوە و شتی تری وەک ئەم دووانە ، واللە أعلم . )) توضیح الأحکام ج١ لاپەڕە ٢٤١ - ٢٤٢ .
وتەی ڕاست دەست نوێژ ناشکێت بە ڕشانەوە .
پوختەی وەڵامی زانایان :
(١) ئەصل وایە دەست نوێژ ناشکێت ئیلا بەڵگەی صحیح جێگیر بووبێت بۆ شکانی دەست نوێژ .
(٢) وتەی ڕاست دەست نوێژ بە ڕشانەوە ناشکێت ، چونکە ھیچ بەڵگەی ڕاست نەھاتوون ، ئەگەر چی فەرموودەکە ڕاستیش بێت دەڵێین سونەتە دەست نوێژ بگریتەوە دوای ڕشانەوە نەک واجبە .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net