سەردێری پرسیار:ئایا ئافرت ئەگەر مناڵی لەبار بچێت ئەو خوێنەی لێی دەردەچێت ھەمان حوکمی خوێنی نیفاسی ھەیە ؟

بەرواری دانان :2018-09-30 کۆدی پرسیار:98

پرسیار:

پرسیار // ئایا ئافرەت ئەگەر مناڵی لەبار بچێت ئەو خوێنەی لێی دەردەچێت ھەمان حوکمی خوێنی نیفاسی ھەیە ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن ئەگەر ئافرەت مناڵی بوو گومانی تێدا نییە نابێت نوێژ بکات و بەڕۆژوو بێت لە ماوەی خوێنی نیفاس ، و دوای پاک بوونەوە نوێژ قەزا ناکاتەوە بەلام دەبێت ڕۆژوو بگرێتەوە .

سەبارەت بە مناڵ لەبار چوون ئەم دوو حالەتانەن :

حالەتی یەکەم // مناڵی لەبار دەچێت ھێشتا منال دروست نەبووە ، واتە پێش ھەشتا ڕۆژ نەبۆتە پارچە گۆشت و شێوەی مرۆڤی نییە ، ئەوا ئەو خوێنە خوێنی نیفاس نییە و حسابی نیفاسی بۆی ناکرێت ، بەلکو خوێنی استحاضەیە بۆ کاتی ھەموو نوێژێک دەست نوێژ ھەلدەگرێت .

حالەتی دووەم // مناڵی لەبار دەچێت و مناڵ دروست بووە و بۆتە پارچە گۆشت و شێوەی مرۆڤ ، واتە دوای ھەشتا ڕۆژ بۆتە پارچە گۆشت ، ئەوا ئەو خوێنە خوێنی نیفاسە و حسابی نیفاسی بۆی دەکەیت .

زانایان دەلێن دروست بوون مناڵ دەست پێ ناکات ئیلا دوای ھەشتا ڕۆژ ، بەلگە :

پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( إِنَّ أَحَدَكُمْ يُجْمَعُ خَلْقُهُ فِي بَطْنِ أُمِّهِ أَرْبَعِينَ يَوْمًا ، ثُمَّ يَكُونُ عَلَقَةً مِثْلَ ذَلِكَ ، ثُمَّ يَكُونُ مُضْغَةً مِثْلَ ذَلِكَ ، ثُمَّ يَبْعَثُ اللَّهُ مَلَكًا فَيُؤْمَرُ بِأَرْبَعِ كَلِمَاتٍ وَيُقَالُ لَهُ اكْتُبْ عَمَلَهُ وَرِزْقَهُ وَأَجَلَهُ وَشَقِيٌّ أَوْ سَعِيدٌ ثُمَّ يُنْفَخُ فِيهِ الرُّوح )) رواه البخاري (3208) .

ئەم فەرموودەیە ڕوون و ئاشکرایە لە مرحلەی یەکەم نطفەیە وە مرحلەی دووەم علقەیە وە مرحلەی سێیەم مضغەیە ، وە دروست بوون لە مرحلەی مضغە دەست پێ دەکات ، لەبەر وتەی خوای گەورە کە دەفەرمووێت : (( يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنْ كُنْتُمْ فِي رَيْبٍ مِنْ الْبَعْثِ فَإِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ تُرَابٍ ثُمَّ مِنْ نُطْفَةٍ ثُمَّ مِنْ عَلَقَةٍ ثُمَّ مِنْ مُضْغَةٍ مُخَلَّقَةٍ وَغَيْرِ مُخَلَّقَةٍ لِنُبَيِّنَ لَكُمْ )) الحج/5 .

لەم ئایەتەیە مضغەی وەسفی کردووە بە مخلقە و غیر مخلقە .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( خوێنی نیفاس جێگیر نابێت ئیلا ئەگەر دروست بوونی مرۆڤ بەدیار بکەوێ ، ئەگەر منال لەبار بچێت بچووک بێت و شێوەی مرۆڤی دیار نەبێت ، ئەوا خوێنەکەی خوێنی نیفاس نییە ، بەلکو خوێنی دەمارە و حوکمی خوێنی استحاضەی ھەیە ، وە کەمترین ماوە کە دروست بوونی مرۆڤی تێدا بە دیار بکەوێ ھەشتا ڕۆژە لە سەرەتای حەمل " سکپڕی " وە زۆربەیان نەوەد ڕۆژە )) "الدماء الطبيعية للنساء" ص 40 .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر منال ھاتە دەرەوە و خوێنی بەدوای ھات ، ئەگەر ئەم منالە دروست بوونی بەدیار کەوت ، دەست و قاچ و ئەندامەکانی تری بەدیار کەوت ئەوا خوێنەکە خوێنی نیفاسە و ئافرەت نوێژ ناکات و ڕۆژوو ناگرێت ھەتا پاک دەبێتەوە لێی ، ئەگەر دروست بوونی مرۆڤ بە دیار نەکەوت ، ئەوا خوێنەکە خوێنی نیفاس نییە و نوێژ دەکات و بەڕۆژوو دەبێت ، ئیلا ئەگەر ئەو ڕۆژانە ڕۆژی عادەی ئافرەت بێت ئەو کات دادەنیشێت ھەتا عادەی تەواو دەبێت پاشان دەست دەکات بە نوێژ کردنەوە . )) مجموع فتاوى ورسائل الشيخ محمد صالح العثيمين - المجلد الحادي عشر - باب الحيض.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام