پرسیار : ئایا دروستە کچ تەیەمووم بکەم لە کۆلێژ بۆ ئەوەی بۆی نەبێتە بارگرانی ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن نوێژ یەکێکە لە ڕووکنە گرینگەکانی ئیسلام ، نابێت موسلمان کەمتەرخەمی لە ئەنجام دانی دا بکات ، بەڵکو دەبێت لەسەر بەردەوام بێت و پارێزگاری لێی بکات ، چونکە خوای گەورە دەفەرمووێت : (( حَافِظُوا عَلَى الصَّلَوَاتِ وَالصَّلَاةِ الْوُسْطَى وَقُومُوا لِلَّهِ قَانِتِينَ )) [ البقرة : ٢٣٨ ] .
ھەر کەسێک ئاوی دەست بکەوێت و بتوانێت بەکاری بھێنێت دروست نییە بۆی تەیەمووم بکات ، دروست نییە تەیەمووم بکەیت ئیلا کاتی نەبوونی ئاو یان ترسی ئەوەت ھەبێت زیانت پێ بگات ئەگەر ئاو بەکاربھێنی ، خوای گەورە دەفەرمووێت : (( وَإِنْ كُنْتُمْ مَرْضَى أَوْ عَلَى سَفَرٍ أَوْ جَاءَ أَحَدٌ مِنْكُمْ مِنَ الْغَائِطِ أَوْ لامَسْتُمُ النِّسَاءَ فَلَمْ تَجِدُوا مَاءً فَتَيَمَّمُوا صَعِيداً طَيِّباً فَامْسَحُوا بِوُجُوهِكُمْ وَأَيْدِيكُمْ مِنْه )) [ المائدة : ٦ ] .
نابێت کچ نوێژ دوابخات ھەتا کاتی نوێژ دەڕوات بێ عوزر ، وە نابێت تەیەمووم بکات بۆ ئەوەی میکیاجی تێک نەچێت ، یان بۆ ئەوەی نەبێتە بارگرانی بۆی چونکە جارێکی تر لە کۆلێژ میکیاج دەکاتەوە ، یان لە تەمبەڵی یان ھەر ھۆکارێکی تر کە شەرعی نەبێت ، وە دروستیش نییە کچ میکیاج بکات و خۆی دەربخات بۆ پیاوی بێگانە .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net