پرسیار : کەسێک لەخەو ھەستا لەشگران بوو ، ترسی ئەوەی ھەیە کاتی نوێژ بڕوات ، ئایا تەیەمووم بکات و نوێژ بکات بۆ ئەوەی کاتی نوێژ نەڕوات ، یان خۆی بشوات پاشان نوێژ بکات ؟
وەڵام : زۆربەی زانایان دەڵێن ئەگەر ئاو ھەبێت و کاتی نوێژ کەم مابێت ، ئەوە واجبە لەسەری ئاو بەکاربھێنێت و خۆی بشوات ئەگەر چی ئاوەکە ساردیش بێت پێویستی بە گەرم کردنەوەش ھەبێت .
ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر ئاو ھەبێت بەڵام سەرقاڵ بێت بە بەدەست ھێنانی و بەکارھێنانی و کاتی نوێژیش بڕوات ، دروست نییە بۆی تەیەمووم بکات ، جا چ لەسەفەر بێت یان بێجگە لە سەفەر ، لەسەر وتەی زۆربەی زانایان ، لەو زانایانە : شافعی و ئەبو ثور و ابن منذر و أصحاب الرأی و ئەزاعی ، ثوری دەڵێت : بۆی ھەیە تەیەمووم بکات . )) المغنی ج١ لاپەڕە ١٦٦ .
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەر کەسێک لەخەو ھەستێت لە کۆتایی کاتی نوێژ و لەشگران بێت و ترسی ئەوەی ھەبێت ئەگەر خۆی بشوات کاتی نوێژ دەڕوات ، ئەوە دەبێت خۆی بشوات و نوێژ بکات ئەگەر چی کاتی نوێژیش بڕوات ، وە بە ھەمان شێوە ئەوەی لەبیریش دەکات . )) الاختيارات الفقهية .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیار لێیکراوە : سەبارەت بە ئاو گەرم کردن ئەگەر کەسێک تەمبەڵ بێ یان درەنگ لەخەو ھەلبسێت و ترسی چوونی کاتی نوێژی ھەبێت ، چی بکات ئایا ئاو گەرم بکات یان تەیەمووم بکات ؟
دەفەرمووێت : (( واجبە لەسەری ئاو گەرم بکای ئەگەر چی کاتی نوێژیش بڕوات ، چونکە کەسی نووستوو کاتی نوێژ بۆی ئەو کاتەیە کە بە ئاگا دێت ، نەک داخل بوونی کاتەکەی ، لەبەر وتەی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : " من نام عن صلاة أو نسيها فليصلها إذا ذكرها " ، کاتەکەی کاتی بیر ھاتنەوە دانراوە سەبارەت بە حالەتی لەبیرکردن ، ھەروەھا کاتی بەئاگا ھاتنیش لەخەو بەھەمان شێوە ، ئێمە دەڵێین : ئەگەر لەخەو ھەستای پێش خۆر ھەڵاتن بە پێنج یان دە چرکە ، ئەگەر تەیەمووم بکەیت بە کاتی نوێژ دەگەیت ، ئەگەر خۆت بشۆیت کاتی نوێژ دەڕوات ، دەڵێین : خۆت بشۆ ئەگەر چی کاتی نوێژیش بڕوات ، چونکە کاتی نوێژ بۆ تۆ ئەو کاتەیە کە لەخەو ھەڵدەستیت ، نەک ھەڵاتنی فەجر ، چونکە تۆ عوزرت ھەیە . )) "فتاوى نور على الدرب".
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net