پرسیار : حوکمی دەستی ڕاست شۆردن پێش دەستی چەپ کاتی دەست نوێژ گرتن ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن سونەتە دەستی ڕاست بشۆیت پێش چەپ ، وە قاچی ڕاست بشۆیت پێش چەپ ، بەڵام ھەردوو گوێیەکان و دەست لە مەچەک بۆ سەری پەنجەکان و ھەردوو ڕوومەت ، ئاو لە کونی لووت ڕادان ئەمانە بە یەک جار دەکرێت ، بەڵگە :
عَنْ عَائِشَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا قَالَتْ : كَانَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يُعْجِبُهُ التَّيَمُّنُ فِي تَنَعُّلِهِ وَتَرَجُّلِهِ وَطَهُورِهِ ، وَفِي شَأْنِهِ كُلِّهِ ، مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ .
واتە : عائیشە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت : (( پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت پێی خۆش بوو لای ڕاست بەکاربھێنێ لە نەعل لەپێکردنیدا وە لە قژ شانە کردنیدا وە لەخۆ پاککردنەوەیدا وە لە ھەموو کارەکانیدا )) .
ابن منذر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( خەبەر جێگیر بووە لە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت بە دەستی ڕاست دەست پێکردووە پێش چەپ بۆ دەست نوێژ ، ھەروەھا ئەوەی دەست نوێژ دەگرێت ئەمە دەکات ئەگەر بییەوێت شوێن سونەت بکەوێت . )) " الأوسط " ج١ لاپەڕە ٣٨٦ .
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەموو زانایان یەک دەنگن پێش خستنی لای ڕاست بەسەر چەپ لە ھەردوو دەست و قاچ بۆ دەست نوێژ سونەتە ، ئەگەر پێچەوانەی بکەیت فەزل و پاداشت لە دەست دەڕوات ، وە دەست نوێژی دروستە . ))
ھەروەھا دەفەرمووێت : (( پاشان بزانە ھەندێک ئەندامی دەست نوێژ ھەیە سونەت نییە بە لای ڕاست دەست پێ بکەیت ، ئەویش ھەردوو گوێیەکان و دەست لە مەچەک بۆ سەری پەنجەکان و ھەردوو ڕوومەت ، بەڵکو ئەمانە بە یەکجار دەشۆردرێن ، ئەگەر عوزری ھەبوو ھەروەک کەسێک دەستی بڕدرا بێت ئەوە بە لای ڕاست دەست پێ دەکات ، واللە أعلم . )) " شرح صحیح مسلم " (١٦٣/٣) .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سونەتە لە لای ڕاست دەست پێ بکەیت بۆ پاککردنەوە " واتە : بۆ دەست نوێژ سونەتە لە دەستی ڕاست دەست پێ بکەیت پاشان چەپ ، قاچیش بەھەمان شێوە " چەندین فەرموودە ھاتووە بۆ ئەمە ، وە گوێیەکان ئایا لای ڕاست مەسح دەکەیت پێش چەپ یان بڵێین ھەردوو گوێ بەشێکن لە سەر و ھەردووکیان پێکەوە مەسح دەکەیت ؟
دووەم وتەی ڕاستە ، واتە : ھەردوو گوێیەکان تەرتیب لەنێوانیان نییە ، واتە لە ڕاست و چەپ ، ئیلا ئەگەر نەتوانێت ھەردووکیان پێکەوە مەسح بکات لێڕە دەڵێین : لە ڕاستەوە دەست پێ بکە .
سەبارەت بە ھەردوو خوفەکان ، ئەگەر مرۆڤ خوفی لەپێ بێت ئایا ھەردووکیان مەسح دەکات یان ڕاست پێش چەپ مەسح دەکات ؟
ئەمەیان ئەگەر تێدایە ، فەرموودەی موغیرەی کوڕی شوعبە باسی کردووە کاتێک موغیرە خۆی چەماندەوە بۆ ئەوەی خوفی پێغەمبەر داکەنێت پێی فەرمووی : " وازی لێ بھێنە ، چونکە من لەپێم کردووە ھەردوو قاچەکانم پاک بوون . " وە مەسحی لەسەر ھەردووکیان کرد ، ئەم ڕستەیە لەوانەیە مەسحی لەسەر ھەردوو خوفی کردبێت بە تەرتیب ، وە لەوانەشە مەسحی لەسەر کردبێت پێکەوە ، جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بەمە ، ھەندێکیان دەڵێن ھەردووکیان یەک جار مەسح دەکرێن ، چونکە کارەکە لێرە مەسح کردنە کە ظاهری فەرموودەی موغیرەیە ، وە ھەندێکیان دەڵێن : بە ڕاست دەست پێ دەکەیت ، چونکە مەسح کردن لەسەری بەدیلی شۆردنە ، شۆردن لە لای ڕاست دەست پێ دەکرێ پێش چەپ ، ئەوەی دیار بێت بەرفراوانی تێیدایە ، ئیلا ئەگەر نەتوانێت مەسح بکات ئیلا بە دەستێک نەبێت ، ئەوە لەم حالەت لە ڕاست دەست پێ دەکات .
سەبارەت بە شۆردن ئایا لە لای ڕاست دەست پێ دەکەیت پێش چەپ یان ھەموو لاشە پێکەوە دەشۆیت یەکجار ؟
وەڵام : یەکەم ، لە لای ڕاست دەست پێ دەکەیت ، لەبەر وتەی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت بە دایکی عەطییەی و ئەوانەی لەگەڵی بەژدار بوون لە شۆردنی یەکێک لە کچەکانی فەرمووی : " ابدأن بمیامنھا ومواضع والوضوء منها " .
وتراوە : لاشە تەرتیبی نییە بەڵکو ھەموو دەشۆردرێ ، چونکە لاشە ھەموو یەک ئەندامە ، یەک ئەندام تەرتیبی نییە ، بەڵام یەکەم لەپێشترە ، واتە بە لای ڕاست دەست پێ بکەیت بۆ شۆردن . )) فتح ذي الجلال والإكرام ج١ لاپەڕە ٣١٣ - ٣١٤ .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net